تشرینی یه‌که‌م 04, 2020 07:19 Asia/Tehran
  • مەراسیمی عەمرە لە سعودیە دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی کاروباری ئیسلامیی سعودیە ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازی لە سەردانکەران و بەشداربووانی مەراسیمی عەمرە تەواوکرد، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی عەمرەکاران ئەو مەراسیمە لەچوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستپێبکەنەوە.

 

لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا لەزگەی تایبەت بە پاراستنی دووری نێوان نوێژخوێنان دانراوە، جگە لە پرژاندنی پاککەرەوەی تەندروستی بە فەرش و دەرگا و دیوار و ئەو شوێنانەی عەمرەکاران سەردانیدەکەن.

بەپێی ڕێوشوێنەکانی وەزارەتەکە پێویستە ئەو کەسانەی دەیانەوێت عەمرە بکەن ناوی خۆیان لە ئەپی "ئەعتەمرنا" تۆماربکەن و ڕەچاوی ئەو ڕێوشوێنانەش بکەن کە تیایدا دیاریکراوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی سعودیە زیاتر لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەی فەرشی سەرجەم مزگەوتەکان پاککراونەتەوە و وەزارەتەکە جگە لە ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە پاککردنەوە و چاککردنەوە، 769 فەرمانبەر و کارمەندی هونەری و چاودێری لە هەردوو شاری مەکە و مەدینە ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتی و پێشکەشکردنی ڕێنوێنی بە عەمرەکاران.

لە 27ی شوباتی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سعودیە ئەنجامدانی عەمرەی بۆ هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانە ڕاگرت کە ڤایرۆسەکەیان تیادا بڵاوببوەوە، دواتریش کۆی مەراسیمەکەی ڕاگرت.

لە 21ی ئەیلولی ڕابردوو محەمەد ساڵح، وەزیری حەج و عەمرەی سعودیە ڕایگەیاند، "لە هەوڵی ئەوەداین ڕێگا بە بەجێگەیاندنی عەمرە بدەین بەشێوەیەکی پلەبەندی، بەڕەچاوکردنی خۆپارێزییە تەندروستییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان ڕێکارەکانی خۆیان بخەنەڕوو".

سەرپەیڤ