ئادار 07, 2021 11:07 Asia/Tehran
  • لە لوبنان خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە

خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لوبنان دەستیپێکردەوە و خۆپیشاندەران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هەموو ڕێگاکانی وڵاتەکەیان داخستووە.

هۆکاری خۆپیشاندانەکە، دەربڕینی ناڕەزایەتییە لە دژی بە خراپیی گوزەران و دابەزینی بەهای دراوی لوبنانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی.

ئاژانسی هەواڵی لوبنان ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئازار بڵاویکردەوە، “خۆپیشاندەران ڕێگا سەرەکییەکانی بەیرووتی پایتەخت و شار و ناوچەکانی سەیدا و زەهرانی و سوڕ و حاسبیا و تەڕابلوس و عەکار و هەرمل-یان داخستووە.”

لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانەوە، خۆپیشاندەرانی بەیروت ڕێگای بەردەم بانکی ناوەندیی لوبنان-یان داخستووە و ناڕەزایی دەردەبڕن بەرانبەر بە سیاسەتەکانی بانکەکە و ئاڵای بانکەکەیان سووتاند.

ماوەی سێ ساڵە ناوبەناو خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لوبنان ڕێکدەخرێن، هۆکاری خۆپیشاندانەکان خراپیی خزمەتگوزارییەکان و کەڵەکەبوونی خاشاک و بێکاری و دابەزینی ئاستی بژێوی و بەهای دراون.

 

سەرپەیڤ