نیسان 02, 2021 08:13 Asia/Tehran
  • قۆڵبەستکرانی ھێرشکارێکی سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق لە «مەسجیدۆڵحەرام » دا

کەسێکی نەناسراو لە لە «مەسجیدۆڵحەرام » دا بە ھەڵدانی دروشمی داکۆکی کردن لە تاقمی تیرۆریستی داعش، ھەڵیکوتایە سەر «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەستبەجێ لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشتی عەرەبستانەوە قۆڵبەست کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە دووھەم ڕۆژو کۆتایی گەشتەکەی بۆ عەرەبستان وێڕای ئامادە بوون لە شاری «مەککەی پیرۆز» دەستی کرد بە بەجێ ھێنانی ڕێ و ڕەسمی مەناسکی حەججی عومرە کە ھەڵبەت ئەو زیارەتەی ھێندەش بێ قڕە نەبوو.

ھێرشەکەی سەر «مستەفا کازمی» لە کاتێکدا ئەنجامی گرت کە گەشتەکەی ھەر لە ھەمان سەرەتاوە لەوپەڕی ڕەچاوکرانی دەستەوداری ئاسایشتی دەستی پێکراو تەنانەت ھەرکە فڕۆکەکەی کەوتە سەر ئاسمانی عەرەبستان بە ھۆی چەند فڕۆکەیەکی شەڕکەری دەوڵەتی عەرەبستانەوە پاسەوانیی لێ کرا. کەچی سەرباری تەواوی ئەو چاودێری و پارستنانەش لە کاتی چوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ حاسەی ناوەوەی «بەیتوڵڵاھۆلحەرام» بە مەبەستی بەجێ ھێنانی مەناسکی حەجج و تەوافی ماڵی خودا، لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە ھاواری داکۆکی و دۆعای خێر کردن بۆ تاقمی تیرۆریستی داعش ھێرشی کرایە سەر. کەسی ھێرشکار دەستبەجێ بە بینینی شارندەکەی عێراق ھەڵیکوتا بووە سەریان کە وەک باسی دەکرێت، گوایە بەتەما بووە دەست لە «مستەفا کازمی» بوەشێنێ کە ھەڵبەت لە ئەنجامی ھرووژمی فەرمانبەرانی ئاسایشتی ئەو ھەوڵەی ھیچی لێ ناوەشێتەوە.

وەک لە ھەواڵەکاندا ھاتووە، ھێرشکارەکە لە کاتی ھەڵکوتانەسەر «مستەفا کازمی»و ھاوڕێکانی ھاواری کردووە :(اللهم أعز الدولة الاسلامیة فی العراق و الشام و فی الیمن و فی کل مکان)،  واتە: « خوداوەند دەوڵەتی ئیسلامی _ کە دیارە مەبەستی ھەمان داعش بوو_ لە عێزراق و شام و یەمەن و ھەر ناوچەیەکی دیکەی جیھان خۆشەویست و سەربەرز بکات.

پۆلیسی مەککەی پیرۆزیش بە بڵاو کردنەوەی ئاگاداری نامەیەک باسی قۆڵبەست کردنی ئەم کەسەو ڕادەست کردنی بە سەرچاوەکانی دادەڤانیی کردووە.

 

سەرپەیڤ