حوزه‌یران 17, 2021 06:58 Asia/Tehran
  • داخوازیی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس بۆ بەشداری لە دانوستانە ناڤۆکیەکانی ئێران

وەزیرانی دەرەوەی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس لە بەیاننامەی کۆتایی دانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممەی خۆیاندا لە ڕیاز، خوازیاری بەشداری لە دانوستانە ناڤۆکیەکانی ئێران بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ڕۆژی چوارشەممە سەدوچل و ھەشتەمین خولی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس لە نووسینگەی ئەم ئەنجومەنە لە شاری ڕیازی پێتەختی عەرەبستانی سەعودی بە مەبەستی ھێزمەند کردنی پەیوەندیی ستراتژیی وڵاتانی ئەندام و بیروڕا گۆڕینەوە سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جیھان بەڕێوە برا.

لە بەیاننامەی ئەم ئەنجومەنەدا بە بێ ئاماژە کردن بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانی سەعودی و وێڕای بوختان کردن بۆ سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ، ھەنگاوە سەربازییەکانیان وەک دھەڕەشەیەک دژی ئاسایشتی ناوچەکەو جیھان لێک دراوەتەوە.

بە پێی ھەمان بەیاننامە، وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە ھەروەھا جەختیان لە ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان لە ھەمبەر ئارمانجی فەلەستین کردووەتەوەو بەردەوام کرانی پێشێلکارییەکانی تەلەبیب دژی جەماوەری فەلەستینیان ئیدانە کردووە. 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا باسی ئێرانیش کراوەو وێڕای دووپات کرانەوەی بوختانە ھەمیشەییەکانی ئەو وڵاتانە دژی ئێران سەبارەت بە ھەوڵدانی لە ئاراستەی تێکشێواندنی سەقام و ئاسایشتی ناوچەکە، لە سەر پێویستیی بەشداریی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە وتووێژە ناڤۆکییەکاندا لەگەڵ ئێران پێداگریی کراوە.

وەزیرانی دەرەوەی ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس ھەروەھا بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەبێ پرسی موشەکیی ئێرانیش لە دانوستانە ناڤۆکییەکانی ئێستای ڤییەنا تاوتوێ بکرێت.

سەرپەیڤ