ئه‌یلوول 25, 2021 20:34 Asia/Tehran
  • فەلەستین، پرسی لەبیر نەکراوەی جیھانی ئیسلام

دوێنێ ھەینی نزیکەی ٣٠٠ کەس بریتی لە سەرۆك هۆز و کۆمەڵێک كەسایەتیی عەرەب لە شەش پارێزگای عێراق، لە شاری هەولێری ھەرێمی کوردستان كۆبوونەوەیەكیان بەڕێوەبرد کە تیای دا باسی ئاسایی كردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونییان کرد.

  لەم پەیوەندییەدا دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا ھەڵوێستی خۆی لە ھەمبەر ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا کردو لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ڕەت کردنەوەو بە نایاسایی زانینی ئەو کۆبوونەوەیە ، ڕایگەیاند: وەھا کۆبوونەوەگەلێک بە نوێنەرایەتی لە لایەن شارەکانی عێراقەوە بەڕێوە ناچن بەڵکو تەنیا ھەڵوێستی ئەو کەسانەن کە یەشدارییان تیادا کردووە.

بەغدا جەختی لەوەش کردوەتەوە کە وەھا کۆبوونەوەگەلێک ھەوڵدانێکن لە ئاراستەی تێکدانی ڕەوشتی گشتی و بووژاندنەوەی فیرقەخوازییەکی قیزەون، ئەویش لە ھەل و مەرجێکدا کە وڵات خەریکی خۆ سازدانە بۆ بەرپاکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.

دەوڵەتی عێراق لە بەیاننامەکەی دا بە ئاشکرا جەختی لە بەردەوامیی ھەڵوێستی مێژوویی و نەگۆڕی جەماوەری ئەو وڵاتە لەمەڕ داکۆکی لە ئارمانجی ڕەوای گەلی فەلەستین و بەرەڤانی لە مافی خەڵکی ئەو وڵاتە بە تایبەت پەیوەست بە پێکھاتنی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین بە پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز و ڕەت کردنەوەی شارۆچکە سازی و دەست درێژی و داگیرکارییەکانی ڕژێمی زایونی دژی گەلی فەلەستین کردووەتەوە.

وەک باسی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ھەولێردا «وسام ئەلحەردان» سەرۆکی تاقمی «سەحوەتولعێراق» لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لە ڕژێمی زایونی پشتگری کردووە، کە دەستبەجێ تاقمی «سەحوەتولعێراق»  وتەکانی «وسام ئەلحەردان»ی ڕ ەت کردووەو لەو بارەیەوە «ئەحمەد ئەبو ڕیشە» سەرۆکی کۆنگرێسی «سەحوەتولعێراق» لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: ھەر لێرەوە لە سەر بنەمای بەڵێنە ئاکارییەکان و ئەو ئەرکەی لە سەر شانمانە ڕادەگەیەنین کە بەشدارانی ئەو کۆبوونەوەیە نوێنەری کەس نین و قەت ڕێگایان پێ نادەین بە ناوی عەشایەرەوە قسە بکرێت و کەسانێک بۆ ئامانجگەلێک ناوی عەشایەر بەکار بێنن کە نابێ خۆیانی تێوەگلێنن.

«سەیید عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراقیش لە بەیاننامەیەک دا  بەرامبەر بە کۆبوونەوەکەی ھەولێر ھەڵوێستی دەربڕیوەو ڕایگەیاندووە: ئێمە کۆبوونەوە، گردبوونەوە و ھەرچەشنە بانگێشتنێک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایونی لە عێراق دا ڕەت دەکەینەوەو شەرمەزاری دەکەین. ئارمانجی فەلەستین پرسی یەکەمی عەرەبەکان و موسڵمانانەو بەم پێیە جارێکی تر داکۆکیی تۆکمەوتەواوی خۆمان لە نەوتەوەی فەلەستین و خەباتە ڕەواکەیان بۆ سەندنەوەی نیشتیمانی داگیکراویان دووپات دەکەینەوە.

سەیید عەممار حەکیم

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە «موقتەدا سەدر» ڕابەری ڕەوتی سەدریش لە سەر دانیشتنەکەی ھەولێر بۆ پشتگری لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایونی ھاتووەتە دەنگ و لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاندووە: پێویسته‌ ئه‌وانهی بەشداری دانیشتنەکەیان کردووە‌ هه‌رچى خێراتر‌ ڕاپێچ بکرێن ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مویان تیرۆریستن.سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەکەی دا پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە، بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێ  ڕێگە لەکۆبونەوەی لەو جۆرە بگرن.

موقتەدا سەدر

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە ، ئاگایان لەو کۆبوونەوەیە نەبووەو پەیوەست بەمە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم جەختی لەوە کردوەتەوە کە،کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری‌و بەشداریی حکومەتی هەرێم ڕێکخراوەو بەڕێوەچووە، ئەو کۆبوونەوەیە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەهەڵوێستی حکومەتی هەرێم ناکات‌و ڕێکاری پێویستیش  بەرامبەر چۆنێتیی ڕێکخستنی کۆبونەوەکە دەگیردێتەبەر.ئەمە و لە لایەکی دیکەوە لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین ھەواڵەکان دەربڕی ئەوەن کە کاربەدەستانی ڕژێمی زایونی ھەڵوێستێکی پشتگرانەو بە پێچەوانەی کەسایەتییە عێراقییەکانیان گرتوەتە بەرو لەم بارەیەوە «یائیر لاپید» وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایونی وێڕای داکۆکی لەو کۆبوونەوەیەی ھەولێر، ڕایگەیاندووە: ئەو ڕوداوە لەعێراق سەرچاوەیەکی هیواو گەشبینییە.

یائیر لاپید

«لاپید» وتووشیەتی: ئیسرائیل هەمیشە بە شوێن ڕێگەیەکدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاشتی، ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان لەسەرتاسەری جیهان کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایونی بۆ ھەڵخڕاندنی زیاتری ڕووداوەکەی ھەولێر جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، جولەکەکان پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ بەخەڵکی عێراق دەڵێین، ئەو خاڵە ھاوبەشانەی کە یەکمان دەخات زۆر زیاترن لەو خاڵانەی کە لێکمان دادەبڕێت، لە ئاشتی دا زیاترمان دەست دەکەوێت ھەتا لە ململانێیەکی ناپێویست.

جێگای ئاماژەیە کە لەم دواییەدا لە عێراق باسێکی پەیوەست بە دانی مافی شارومەندایەتی بەو فەلەستینییە ئاوارانەی کە دانیشتووی عێراقن ھاتە ئاراوە کە ئەمەش لە لایەن کۆمەڵێک لە کەسایەتی و کۆتلە سیاسییەکانی عێراقەوە وەکو پیلانێک بۆ لەبیر بردنەوەی کێشەی فەلەستین لێک درایەوەو ڕەت کرایەوە.

سەرپەیڤ