ئادار 25, 2022 22:15 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاھییان لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری لوبنان: دەرەنجامی گۆڕانکارییەکان بە قازانجی تەواوی ناوچەکەو لوبنان دەبینین

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دیدار لەگەڵ سەرۆک کۆماری لوبنان پێی داگرت: ئێران دەرەنجامی گۆڕانکارییەکان بە قازانجی تەواوی ناوچەکەو لوبنان دەبینێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ ھەینی لە بەیرووت چاوی بە «میشێل عەون» سەرۆک کۆماری لوبنان کەوت و سەبارەت بە بابەتگەلی جۆربەجۆری پەیوەست بە پەرە پێ دانی پەیوەندیی دوو لایەنەو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو ھەل و مەرجی نێونەتەوەیی وتووێژی کردو بیروڕای گۆڕییەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان لە دیدارەکەدا وتی: بە تەفەرڕنجەوە گۆڕانکارییەکانی لوبنان پێ و شوێن دەگرین و دۆست و داکۆکیکاری ئەم وڵاتەین لە ڕۆژانی دژوارو سەردەمی ھێوریش دا.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان وێڕای ئاماژە کردن بە خێرایی ڕووداوەکان لە ناوچەکەش وتی : دەرەنجامی ئەم گۆڕانکارییانە بە قازانجی تەواوی ناوچەکەو لوبنان دەبینین و لە بارەی داھاتووی ناوچەکەو ھەروەھا دەرەنجامی دانوستانەکان گەشبینین.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان وتیشی: ئێران لە پەیوەندییە ناوچەیی و عەرەبییەکانی سووریا پێشوازی دەکات.

سەرۆک کۆماری لوبنانیش لە دیدارەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە گرفتە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی وتی: ھەرجۆرە گرفتێک لە ناوچەکەدا شوێن لە سەر لوبنانیش دادەنێت و سەرھەڵدانی ھەر گرفتێک لە لوبنانیش دا کاریگەرییەکی نالەباری لە سەر ناوچەکە دەبێت.

«میشێل عەون» وتیشی: پەرۆشی گرفتی ئاوارەکانی سووریاین.

سەرۆک کۆماری لوبنان وتیشی: خۆڕاگریی لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە داکۆکیی لێ دەکرێت لە باشووری ئەم وڵاتەدا گەشەی کردو بووە ھۆی ئەرخەیانیی وڵات لە بارەی دیاردەی داگیرکارییەوە، بەڵام لوبنان لە بەر ھەر ئەم خۆڕاگرییە دەخەنە بەر تەوژم و گوشار.

سەرۆک کۆماری لوبنان ھیواداریی دەربڕی کە دانوستانەکانی ڤییەنا ئەنجامی سەرکەوتووی لێ بکەوێتەوە.

سەرپەیڤ