ته‌مووز 15, 2022 23:50 Asia/Tehran
  • مەحمود عەبباس: ئاشتی و ئاسایشتی ڕاستەقینە لە ئەنجامی بە فەرمی ناسرانی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین مسۆگەر دەبێت

«مەحمود عەبباس» سەرۆکی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش لەگەڵ «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێی داگرت: ئاشتی و ئاسایشتی ڕاستەقینە لە ئەنجامی بە فەرمی ناسرانی وڵاتی سەربەخۆی فەلەستین مسۆگەر دەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ناوچەکە، «بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە سەرزەوییەداگیرکراوەکان بە سەر دەبات، ڕۆژی ھەینی لە گەشتەکەی بۆ کەرتی ڕۆژئاواو «بەیت لەحم»ی بنکەی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەگەڵ «مەحمود عەبباس» ی سەرۆکی ئەم پێکھاتەیە دیدارو وتووێژی کردو لە درێژەدا «مەحمود عەبباس» لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «جۆ بایدێن» وتی: ئێمە لە بارەی ڕێگاکانی ھێزمەند کردنی پەیوەندییەکانمان و تاوتوێ کردنی ئەوەی وا ویلایەتە یەکگرتوووەکان بۆ بووژاندنەوەی ئاشتی پێی دەکرێت، وتووێژمان کرد.

بایدێنیش جەختی لەوە کردەوە کە، پابەند بوونی من وەکو سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بارەی ئامانجی ڕێگاچارەی دوو وڵات نەگۆڕاوە، ڕێگاچارەی دوو وڵاتیش داگری بوونی وڵاتێکی سەربەخۆ لە ڕووی جوگرافیاییەوە بە ناوی فەلەستینە.

وتیشی: ئامنجی ڕێگاچارەی دوو وڵات لە بەر ئەو بەرتەسکیانەی کە بەسەر فەلەستینییەکاندا سەپێندراوە لە نامسۆگەر دەچێت و جەماوەری فەلەستینی قەڵس کردووە، فەلەستینییەکان مافی خۆیانە کە وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەنی سەروەری و دەستەڵات و لەبار بۆ گوزەرانیان ھەبێت و دەبێ دوو وڵات بوونیان ھەبێت ھەتا دوو نەتەوە بتوانن لە تەنیشتی یەکتردا لە ئاشتی و ئاسایشت دا بژین و ڕێز لە مافی شارومەندایەتیی یەکتر بگرن.

بایدێن ھەروەھا لە بارەی کوژرانی «شیرین ئەبو عاقیلە»ی ڕۆژنامەنووسیش بە ھۆی لەشکریانی ڕژێمی زایونییەوە وتی: «ئەبوعاقیلە» شارومەندی فەلەستینی_ ئەمریکی لە کاتێکدا کوژرا کە ئەرکی خۆی وەکو میدیاکارێکی سەربەخۆ بەجێ دەھێنا و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەش بە حاڵی خۆی لە بەدواداچوونی سەربەخۆ لە بارەی کوشتنی ناوبراو داکۆکی دەکات.

سەرپەیڤ