ئاب 19, 2022 13:47 Asia/Tehran
  • دیداری موحەممەدی کوڕی سەلمان لەگەڵ عەممار حەکیم

ھەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستانی سەعودی باسی دیداری پاشمیری ئەم وڵاتە لە گەڵ ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراقی کرد لە شاری جەددە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستانی سەعودی (واس) موحەممەدی کوڕی سەلمان پاشمیری ئەم وڵاتە لە دیداری لەگەڵ عەممار حەکیم ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دوو وڵات و ھێندێک بابەتی جێی سەرنجی ھەردووک لا قسەیان کرد.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە دیدارەکەی پاشمیری عەرەبستانی سەعودی و  ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق، «خالید بن سەلمان بن عەبدولعەزیز» یاریدەری وەزیری بەرەڤانیی عەرەبستان، «موساعید بن موحەممەد ئەلعەیبان» ڕاوێژیکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی ئەم وڵاتەو «عەبدولعەزیز ئەلشەمەری» باڵوێزی عەرەبستان لە بەغدا، ھاوڕێ لەگەڵ سەیید موحسین حەکیم یاریدەری  ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراقیش ئامادە بوون.

«سەیید عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق دوێنێ پێنج شەممە گەییشتە جەددەو لە لایەن «وەلید بن عەبدولکەریم خەریجی» یاریدەری وەزیری دەرەوەی عەرەبستان پێشوازیی لێ کرا.

حەکیم لە دیدارەکەی لەگەڵ پاشمیری عەرەبستانی سەعودی جەختی لەوە کردەوە کە،دیالۆگی نێوان لایه‌نه‌ جیاوازه‌کان باشترین رێگایه‌ بۆ گه‌ییشتن به‌ چاره‌سه‌ریی جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی هه‌موان لەم چه‌قبه‌ستوییە سیاسییەی ئێستای عێراقدا.

وتیشی: پێویسته‌ چاره‌سه‌ره‌کانی عێراق به‌بێ هیچ فشارێکی ده‌ره‌کی ئەنجام بگرێت.

حەکیم ھەر لە دیدارەکەدا ستایشی ڕۆڵی دەوڵەتی عێراق کرد بۆ ناوبژیوانی کردنی لە نێوان دوو وڵاتی ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان و ھەروەھا دۆزی فه‌ڵه‌ستینیشی وه‌ک هێمای یه‌کگرتویی گه‌لانی عه‌ره‌بی ناساند.

سەرپەیڤ