کانونی یه‌که‌م 07, 2022 15:52 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی ئۆردۆن و عێراق لەسەر پتەوکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکان

ئۆردۆن و عێراق لە سەروبەندی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ میسر لەسەر پتەوکردنەوەی هاوکارییە ئابوورییەکان ڕێککەوتن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ماڵپەڕی عەڕەبی ٢١، وەزارەتی دەرەوەی ئۆردۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد، «فۆئاد حسێن» وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتووەتە ئۆردۆ و لەگەڵ «ئەیمەن سەفدی»، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە عەممان کۆبووەتەوە.

بە پێی ئەم بەیاننامەیە هەردووک لا لەم دیدارەدا جەختیان کردووە کە؛ ئۆردۆن و عێراق سوورن لە سەر ڕاپەڕاندنی پڕۆژە و بەرنامەی پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بەهێزکردنی هەماهەنگی لەسەر پرسەکانی جیهانی عەرەب و ناوچەکەو هەروەها ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاستەنگی هاوبەش.

لەمبارەیەوە «ئەیمەن ئەلسەفدی» جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق پایەیەکە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، ئۆردۆنیش بە هەموو هێزی خۆیەوە لە پاڵ عێراق و ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی ئەم وڵاتەدا وەستاوە و پاڵپشتیی ھەوڵەکانی ئەو وڵاتەدا دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش هەڵوێستەکانی ئۆردۆن و هەوڵەکانی ئەو وڵاتە لە مەڕ پشتیوانیکردنی عێراقی بەرز نرخاند و جەختی لە قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و خواستی پەرەپێدانیان کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پایتەختی ئۆردۆن، لە چوارچێوەی میکانیزمی هاوکاریی سێ قۆڵی، کۆبوونەوەی نێوان هەرسێ وڵاتی عێراق، ئوردن و میسر بەڕێوەدەبات. لەماوەی ڕابردوودا هاوپەیمانیی ئۆردۆن و عێراق و میسر ناوی «شامی نوێ»ی لێنراوە، کە دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە نێوان هەرسێ وڵاتەکە، تاوتوێ کرانی دەست پێ بوو.

سەرپەیڤ