کانونی دوھەم 03, 2023 23:38 Asia/Tehran
  • سەیید حەسەن نەسروڵڵا: سەردار سولەیمانی سەربازی ویلایەت بوو

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان وتی: سەردار سولەیمانی سەربازی ویلایەت بوو کە وەسیەتیشی کرد لەسەر گۆڕەکەی بنووسن «سەربازی ویلایەت» و ھەر بەم شێوەیەش ژیا.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی سێھەمی ژانویەی ٢٠٢٠، لە هێرشی موشەکیی کۆپتەرە ئەمریکییەکان بۆ سەر دوو ترۆمبیل لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، سەرداری سپەھبۆد «حاج قاسم سولەیمانی»، فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، ھاوڕێ لەگەڵ «ئەبو مەهدی موھەندیس» جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی و هەشت کەس لە هاوڕێبازەکانی دیکەی شەهید کران.

«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە وتارەکەیدا بەبۆنەی سێهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، ڕایگەیاند: حاج قاسم بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانەکانی بەرگری ئامادە بوو. بەداخەوە هەندێک کەس هەوڵ دەدەن وا بنوێنن کە گرووپە فەلەستینییەکان ئامێرێکن لە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێوەی بەستراون، بەڵام بە هیچ شێوەیەک وا نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێکی گەورەو گرنگ، بەتوانا و کاریگەرە لە ناوچەکەدا.

ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان، ڕاشیگەیاند، شەهید «حاج قاسم سولەیمانی» ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە دەسەڵاتگرتنی گروپەکانی خۆڕاگری و هیوابەخشین و بەرزکردنەوەی ورەیان لە بارودۆخ و قەیرانە سەختەکانداو لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردووشدا «حاج قاسم» ئەڵقەی پێکەوە گرێدانی تەوەرەی خۆڕاگری بوو.

نەسروڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، شەهید سولەیمانی لە ماوەی دوو دەیە لەگەڵ دوو نمونەی پیلانی  ئەمریکی لە ناوچەکەدا بەوپەڕی ھێزەوە ھەڵس و کەوتی کرد و شکستی پێهێنا و لە ئێستادا ئێمەش دەبێ ئامادەبین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نمونەی سێیەمی پیلانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ، چونکە ئامانجی ئەمریکا زاڵبوون بەسەر هەرێم و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و هەروەها بڕیاردانی سیاسی لە ناوچەکەدایە.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی بەرخۆدانیان لە عێراق دەستپێکرد ئەو گروپ و ڕەوتانەی عێراق بوون کە شەهید سولەیمانی ڕۆڵی هەبوو لە مەشق پێکردن و ڕاهێنان و پلاندانان بۆیان شانبەشانی ئەبومەهدی موهەندیس. ئەگەر سوریا بەرھەڵستی نەکردباو ئیرادەی بەرخۆدان لە عێراق نەبایە و شەهید سولەیمانی و عیماد موغنیە نەبوونایە،دیارە ئەمریکا تەواوی ناوچەکەی داگیر دەکرد.

نەسروڵڵا لە درێژەدا وتیشی: بێ گومان حکومەتی ئەمریکا ھەر لە پێشترەوە پیلانی تیرۆرکردنی شەهید «قاسم سولەیمانی»ی تاوتوێ کردبوو و بۆ گەییشتن بە ئامانجگەلێکی دیاری ھەستا بەو کارە. یەکەم ئامانجی حکومەتی ئەمریکاش تێکشکاندنی تەوەرەی خۆڕاگری و بەرخۆدان بوو.

سەرپەیڤ