مانگرتن لە پەرلەمانی لوبنان دوای یانزەجار شکست ھێنان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە
دوابەدوای شکست ھێنانی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانی لوبنان لە مەڕ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی ، سەرچاوە میدیاییەکان ڕایانگەیاند کە چەند نوێنەرێک لە دەستەی یاسادانانی ئەو وڵاتە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دووبارەبوونەوەی زنجیرە شکستەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێدا مانیان گرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی هەواڵدەریی ئیسنا ؛ مانگرتنی ئەندامانی پەرلەمانی لوبنان بۆ یەکەمجار لەلایەن دوو نوێنەری «مولھیم خەلەف» و «نەجات سەلیبا» دەستیپێکرد و ڕۆژی هەینی ١٢ ئەندامی دیکەش پەیوەندییان پێوەکرد.ن.
«نەجات سەلیبا»، نوێنەری ژن و «مولھیم خەلەف» کە هەردووکیان نوێنەری سەربەخۆن لە پەرلەمانی لوبنان، وتیان: ئێمە لە بینای پەرلەمان دەمێنینەوە و ئەرکی یاسایی وەبیر نوێنەران دێنینەوە کە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرن، چونکە ناتوانین چارەنووسی گەلی لوبنان بەرەڵڵا کەین.
هاوکات «حەلیمە قەعقور» نوێنەری دیکەی لوبنانیش کە ڕۆژی هەینی چووە ڕێزی مانگرتووانی بنکەی پەرلەمانەوە، وتی: بیرۆکەی مانگرتن لە نێو پەرلەمان لەلایەن «شۆڕشگێڕان»ەوە پێشنیار کرا بۆ ئەوەی سەرۆک کۆمار دەستبەجێ و بە زووترین کات هەڵبژێردرێت.
هێندێک سەرچاوەی میدیاییش ڕایانگەیاندووە؛ ڕۆژی هەینی لەدەرەوەی پەرلەمانیش گردبوونەوەیەک بۆ داخوازیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی لوبنان بەڕێوە براو خۆپیشاندەرانی لوبنانی داوای خێراتر بوونەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی وڵاتەکەیان کرد.