شرۆڤەکارێکی لوبنانی: هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئێران پشتگوێ بخات
شرۆڤەکارێکی لوبنانی ڕایگەیاند، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هاوکێشە ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و هیچ وڵاتێک ناتوانێت ئێران پشتگوێ بخات.
«تەلال عەتریسی» توێژەری کاروباری ناوچەیی و کۆمەڵایەتی لە لوبنان ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی مێهر وتی: سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بووە هۆی ئەوەی کە ناوچەکە بچێتە نێو هاوکێشەیەکی نوێ لە دژی دوژمنی زایۆنیستی. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ئێران ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕژێمێکی ناشەرعی دەزانێت و لە پاڵ بەرخۆدانی فەلەستین وەستاوە. کەس پێشبینی دروستبوونی ئەم هاوکێشە نوێیەی نەدەکرد و ئەم پرسە بووە هۆی گۆڕانکاریی بەرفراوان لە بزوتنەوەی خۆڕاگریی فەلەستین و لە ناوچەکەدا بە گشتی.
«عەتریسی» جەختی لەوەش کردەوە، گۆڕانکارییەکی دیکەی بنەڕەتی لەم بوارەدا دروستبوونی تەوەرەی خۆڕاگری بوو. دوای شۆڕشی ئیسلامی، حیزبوڵڵای لوبنان وەک بزوتنەوەیەکی خۆڕاگری لەم وڵاتەدا پێک هات و لە ماوەی خۆڕاگرییدا توانی دوژمنی زایۆنی لە لوبنان دەربکات کە ساڵانێکی زۆر سەقامگیر بوو.
ئەم توێژەرە لوبنانییە وتیشی، خۆڕاگریی لە فەلەستین بە سەرچاوەیەکی ڕاستەقینەی ترس و تۆقان لای زایۆنیستەکان دادەنرێت و کولتوری خۆڕاگریش لە دەرەوەی غەززە تەشەنە دەکات.
عەتریسی لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش دا کە گوشارەکانی ئەمریکا، گەمارۆ و دەستدرێژیەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پلانەکانی ملھوڕانەیان بۆ پارچە پارچەکردنی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان هەر لە ترسی بوونی وەھا خۆڕاگرییەکە.