شوبات 21, 2023 08:40 Asia/Tehran
  • «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی «سەلاح زەواوی» دەربڕی

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی باڵوێزی پێشووی فەلەستین لە ئێران، سەرەخۆشی خۆی دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە «سەلاح زەواوی» لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا بە هۆی پەکە کەوتوویی و نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران کۆچی دوایی کرد.

«سەڵاح زەواوی» یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری بزوتنەوەی فەتح بوو و ماوەی ٣٩ ساڵ باڵوێزی فەلەستین بوو لە ئێران.

«سەلاح زەواوی» ساڵی ڕابردوو (2022) کاری خۆی کۆتایی پێ هێنا و دوای ئەوە «سەلام»ی کچی جێگای گرتەوەو بوو بە باڵوێزی نوێی فەلەستین لە تاران دا.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە، بەبۆنەی کۆچی دوایی «سەڵاح زەواوی» باڵوێزی پێشووی فەلەستین لە تاران، سەرەخۆشی خۆی دەربڕی.

لە پەیامەکەی «ئەمیر عەبدوڵڵاهیاندا» هاتووە کە لە ماوەی ساڵانی درێژخایەنی شەڕ لە دژی دوژمنی زایۆنی و هەروەها چەند دەیە چالاکیی دیپلۆماسی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوالێخۆشبوو «ئەلزەوای» هەمیشە لەسەر ڕێبازی خەبات بۆ سەندنەوەی مافەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستین، زیندوو ڕاگرتنی دۆزی بەرزی فەلەستین و بەرگریکردن لە قودسی پیرۆز بەردەوام بووەو تێکۆشاوە.

لە پەیامی وەزیری دەرەوەی ئێراندا ھەروەھا هاتووە: هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا شایەتی بەرهەمی چەند دەیە هەوڵ و تێکۆشانی گەلی خۆڕاگری فەلەستین، لەوانەش خوالێخۆشبوو «سەلاح زەواوی» بین بەڕزگارکرانی بەتەواویی ئەم خاکە پیرۆزە لە ژێر پۆستاڵی داگیرکەرانی زایۆنی و پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی فەلەستین بە پێتەختایەتیی قودسی پیرۆز لە تەواوی خاکی مێژوویی فەلەستین دا.

سەرپەیڤ