ئادار 11, 2023 21:41 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی گرووپە فەلەستینییەکان بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئێران و عەرەبستان

تاقمە جۆربەجۆرەکانی فەلەستینی بە دەرکردنی بەیاننامەی جیاواز پێشوازییان لە ڕێککەوتنی نێوان تاران و ڕیاز کرد.

لە میانی دانوستانەکانی ئێران و عەرەبستان لە پەکین، ڕۆژی هەینی هەردووک وڵاتەکە دوای حەوت ساڵ لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ببووژێننەوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردووک وڵاتەکە، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئێران و عەرەبستان وێڕای چاوپێکەوتنی یەکتر ئەوپەڕی لە ماوەی دوو مانگدا بەستێن بۆ گۆڕینەوەی باڵوێزەکان و کردنەوەی باڵوێزخانە و هەروەها ڕاپەڕاندنی مەرجەکانی دیکەش بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان خۆش دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی فەلەستین، پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین بە دەرکردنی بەیاننامەیەک  پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان عەرەبستان و ئێران کردو و هیوای دەربڕی کە ئەو ڕێککەوتنە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی لە ناوچەکەدا.

هەروەها بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینیش جەختی لەوە کردەوە کە؛هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە پشتیوانی لە مافی گەلی فەلەستین بکات بۆ بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگری لە ئاراستەی سەندنی مافە مێژوویی و ڕەواکانیان و ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ دۆزی فەلەستین بەدوای خۆیدا بهێنێت.

بزوتنەوەی دەستپێشخەریی نەتەوەیی فەلەستینیش وێڕای پێشوازی کردن لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عەرەبستان، داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هەوڵێکی یەکگرتوو بۆ پشتیوانی لە پرسی فەلەستین بدەن.

پێشتریش بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەلەستین «حەماس» بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پێشوازیی لە ڕێککەوتنی تاران و ڕیاز کردبوو.

عەرەبستان ڕۆژی ٣ی ژانویەی ٢٠١٦، بە بیانووی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

سەرپەیڤ