ئامادەیی ڕیاز بۆ بووژاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕایگەیاند: ڕیاز ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران دەست پێ بکاتەوە و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیدار ئەنجام بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، "فەیسەڵ بن فەرحان" شەوی یەکشەممە لە سەر دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەلشەرقولئەوسەت" وتیشی: بنەما لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتانەو ئەم بابەتەش لە بارەی دوو وڵاتی دراوسێ، بە قەبارەی عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە هاوبەشیی ئایینی، کولتووری، مێژوویی و پەیوەندی شارستانییان پێکەوە ھەیە، بەهێزتریش دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بە سەرپەرشتیی و نێوەندگیریی کۆماری گەلی چین دوای چەند خولێک وتووێژ لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە عێراق و عومان مسۆگەر کراوە.
فەیسەڵ بن فەرحان لە درێژەی قسەکانی دا وتیشی: شانشینی سعودیە بە تێگەییشتن لە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، لەسەر ڕێگای ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە وتیشی : گەییشتنمان بەم ڕێککەوتنە کە بووە هۆی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان، خواستی هاوبەشمان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە ھۆی پەیوەندی و دیالۆگ و لە ڕێگەی ئاشتیانە و دیپلۆماسییەوە نیشان دەدات.
بن فەرحان هەروەها وتی: تامەزرۆی دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێرانم لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکان بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵات.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە ئامادەکاریی دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوو مانگی داهاتوودا و ئاساییە کە لە داهاتوودا گەشتی هاوبەشمان هەبێت.