ئادار 16, 2023 20:41 Asia/Tehran
  • ڕاوێژی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران و سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبییەکان سەبارەت بە پرسە دووقۆڵی و نێودەوڵەتییەکان

نوێنەری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران لەگەڵ سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان دا دیدار و پرسی دوو قۆڵی و گرینگترین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەریاوان «عەلی شەمخانی»، نوێنەری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، ھەرکە گەییشتە ئەبوزەبی لەگەڵ «محەممەد بن زاید بن سوڵتان ئالی نەهیان» سەرۆکی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان کۆبووەوە و وێڕای بە ئاماژەدان بە تۆماری مێژوویی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەروەها هاوبەشییە کولتووری و ئایینییەکانی نێوان دوو وڵات جەختیان لە فراوانکردن و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.

«شەمخانی» بە ڕوونکردنەوەی ڕۆڵی هۆکارەکانی قەیران و ئاڵۆزی کە بە جڵەوکێش کردنی وڵاتانی واوەناوچەیی هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی کەنداوی فارس دەکەن ، وتیشی: هەوڵدان بۆ گەییشتن بە ئاسایشی بەکۆمەڵ لەسەر بنەمای توانا ناوخۆییەکان دەتوانێت کۆتایی زۆرێک لە قەیرانەکانی ئێستا بێت.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، زۆربەی کێشەکانی ئێستای  بۆ دەەستوەردانی بیانییەکان و سەرەڕۆییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە ناوچەی کەنداوی فارس گەڕاندەوەو وتی: پێکهێنانی ناوچەیەکی بەهێزتر ئارمانجێکی دەستکەوتنییە کە پێویستە هەمووان بەو ئاراستەیەدا ھەنگاو ھەڵگرن.

«شەمخانی» بە ئاماژەدان بە ئیرادەی پتەوی سەرکردەکانی دوو وڵات بۆ فراوانکردنی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان، جەختی لەوە کردەوە: پێویستە هەموو ئاستەنگەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە ڕێگەی هاوکاریی دوولایەنە، بە تایبەت هاوکاریی ئابووری-بازرگانی، دەستنیشان بکرێن و بە خێرایی لاببرێن، چونکە هەر دواکەوتنێک لەم چوارچێوەیەدا، بە زیانی هەمووان دەبێت.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕاشیگەیاند کە ئەمڕۆ جیهانی ئیسلامی و ناوچەی کەنداوی فارس لە هەموو شتێک زیاتر پێویستیان بە هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەیە و وتیشی: ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەموو وڵاتانی ئیسلامی و خۆشگوزەرانی و ئاشتی بەدی بهێنێت.

«شێخ محەممەد بن زاید» سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لەمەڕ سەردانەکەی دەریاوان «شەمخانی» بۆ ئیمارات ،پیرۆزبایی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی تاران و ڕیازی کرد وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز لە هاوکاری و یەکگرتنی وڵاتانی ناوچەکە، و هیوای دەربڕی کە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئیمارات ھەڵ بدرێتەوە.

سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند: ئیمارات زۆر حەز دەکات و ئامادەیە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بۆ بەرزترین ئاست لە هەموو بوارەکاندا بەرز بکاتەوە لە ئاراستەی چارەسەرکردنی هەندێک لێکگەییشتنی هەڵەی نێوان هەردووک وڵات.

سەرپەیڤ