ئادار 22, 2023 16:28 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئیمارات: گۆڕانکاری له پەیوەندییەکانی عەرەبستان و ئێران بە قازانجی ناوچەکەیه

وەزیری دەرەوەی ئیمارات پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و ئێرانی بە ئەرێنی و سوودبەخش بۆ ناوچەکە هەڵسەنگاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، شەوی سێشەممە لە سەرچوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»وەزیری دەرەوەی ئێران و «شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەهیان» وەزیری کاروباری دەرەوە و بەرپرسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەندێک بابەتی هاوبەشیان لە بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دا تاوتوێ کرد.

«شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەهیان» وەزیری دەرەوە و بەرپرسی هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیمارات، ھاتنی نەورۆز و هاوکات مانگی ڕەمەزانی لە حکومەت و گەلی ئێران پیرۆز کرد.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات هەروەها پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و ئێرانی بە ئەرێنی و سوودبەخش بۆ ناوچەکە هەڵسەنگاند.

هەروەها هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەبوزەبی لە پێناو جێگیرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە و لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئیسلامی ئەبوزەبی ھەتا ئاستی خوازراو باشتر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئیمارات ھەروەھا بانگهێشتی «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی کرد بۆ سەردانی ئیمارات.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان»یش ئاماژەی بەوە کرد کە: خۆشبەختانە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سیاسی و ئابووری و بازرگانیدا بەرەو فراوانبوون دەچێت و گفتوگۆی بنیاتنەری ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی ئەمنی و ئابووریی دوو وڵاتیش بەستێن خۆش دەکات بۆ پێشخستن و پەرە پێ دانی ی پەیوەندییەکان.

ناوبراو هەروەها ئامادەیی تارانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی بازرگانانی لە نێوان دوو وڵات ڕاگەیاند.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ھەروەھا ڕێککەوتنی ئەم دواییەی ئێران و عەرەبستانی بە ئاراستەی پتەوکردنی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە وەسف کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ئیمارات دەربڕی.

لە کۆتاییدا سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران درێژەدان و فراوانکردنی ڕاوێژەکانی نێوان تاران و ئەبوزەبیی بە گرنگ نرخاند لە ئاراستەی پەرەپێدانی پەیوەندییە بنیاتنەرەکانی نێوان دوو وڵات.

سەرپەیڤ