سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیش چووە ڕیزی نەیارانی ناتانیاهۆوە
لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین، سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیش خوازیاری ڕاگیرانی ڕەوتی پەسەندکردنی ئەو پلانە پڕ ھەراوھوریای «بنیامین ناتانیاهۆ»ی سەرۆکوەزیرانی ئەم ڕژێمە بوو کە بە "چاکسازیی یاسای دادوەری" ناودارە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی دووشەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی سپۆتنیک،"ئیسحاق هێرتزۆگ"ی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنی لە لێدوانێکدا بۆ کابینەکەی «بنیامین ناتانیاهۆ»ی سەرۆک وەزیرانی ئەم ڕژێمە داوای لێکردن ؛ لە پێناو پاراستنی یەکڕیزیی "ئیسرائیلییەکان" و بە گوێرەی ئەرکناسی، پڕۆژەی "چاکسازی یاسای دادوەری" ڕابگرن.
لە هەمان کاتدا دوو لایەنی ناسراو بە "یەهود هیتۆرات"و"شاس" وێڕای کشانەوە لە بەردەوام کرانی ڕەوتی گەڵاڵەی«چاکسازیی دادوەری»ی جێی سەرنجی «ناتانیاهۆ»خوازیاری وەستاندنی ئەو چاکسازییانە بوون.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، «بۆئاز بن تێزور»، پارێزەری تاکەکەسیی «بنیامین ناتانیاهۆ»یش پەیوەندی بە ڕیزی نەیارەکانیەوە کردووە و هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر پلانی چاکسازیی دادوەری پەسەند بکرێت، پارێزەرایەتیی یاسایی ناتانیاهۆ ڕادەگرێت.
لە وەھا هەلومەرجێک دا، «نەفتالی بنێت» سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕژێمی زایۆنی لە کاردانەوە بە شەپۆلی نائارامیی ئەم دواییە دانی بەوەدانا کە؛ لە ساڵی ١٩٧٣ تا ئێستا ئەم دەسەڵاتە لە مەترسیدارترین بارودۆخی ئەمنیی خۆیدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە (شەوی یەکشەممە) ناتانیاهۆ بەهۆی دژایەتیکردنی لەگەڵ پلانی چاکسازیی دادوەری، «یۆئاف گالانت»ی وەزیری شەڕی کابینەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان و دوورخرانەوەی وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنی لە پۆستەکەی، بە گوتەی کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە، دەبێ ئێستا چاوەڕوانی پاشەلەرزەکانی ئەم بڕیارە لە نێو سوپاو ئاسایشی نێوخۆی ئیسرائیل دا بین.