نیسان 06, 2023 11:07 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی هاوبەشی ئێران و عەرەبستان لەلایەن «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» و «فەرحان»ەوە واژۆ کرا

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عەرەبستان لە پەکین وێڕای ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەی دوو وڵات لە کاتی دیاری کراودا، جەختیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم فراوانبوونی هاوکارییەکان کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێری گرووپی سیاسەتی دەرەوەی ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» و ف«ەیسەڵ بن فەرحان» وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٧ی خاکەلێوە» لە پەکین دا لە پاش حەوت ساڵ بە فەرمی پێکەوە دیدارو وتووێژیان کرد.

دوای ئەم دیدارە وەزیرانی دەرەوە بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی چین بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کرد.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

لە بەرڕۆشنایی بڕگەکانی بەیاننامەی سێ قۆڵیی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەرەبستان و کۆماری گەلی چین لە بەرواری ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٠ی مارسی ٢٠٢٣) سەبارەت بە بووژانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەھا له چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکیی دیپلۆماسی و کونسوڵگەریی نێوان هەردوو وڵات، دانوستانەکان لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ یەکسان بە ١٥ی ڕەمەزانی ١٤٤٤ی کۆچی کە دەکاتە ٦ی ئاپریلی ٢٠٢٣ لە شاری پەکین لە نێوان «حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان»وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و «ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان »وەزیری دەرەوەی عەرەبستان بەڕێوە چوو.

لە میانەی ئەم وتووێژانەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پەکین و چالاککردنی بە شێوەیەک کردەوە کە متمانەی یەکتر و بوارەکانی هاوکاری فراوانتر بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چالاککردنی ڕێککەوتننامەی هاوکاری ئەمنی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، کە لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٨٠ (٢٢.١.١٤٢٢، هاوتایە لەگەڵ ١٧.٤.٢٠٠١) و ڕێککەوتنی گشتیی هاوکارییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی و سەرمایەنانەوە، تەکنۆلۆژیا، زانست، ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوان کە لە ٦ی جۆزەردانی ١٣٧٧ (٢.٢.١٤١٩، هاوتا لەگەڵ ٥.٢٧.١٩٩٨) واژۆ کرا.

هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەردوو وڵات لە ماوەی دیاری کراودا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی هەردوو وڵات لە ڕیاز و تاران و کونسوڵخانەی ئەم دوو وڵاتە لە جددە و مەشهەد.

هەردووک لا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگیی پێویست لە نێوان شاندە تەکنیکیەکان بۆ پشکنینی ڕێگاکانی فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و گەشتی بەرامبەری شاندە فەرمییەکان و کەرتی تایبەت، ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی ئەو دوو وڵاتە، لەوانەش ڤیزەی عومرە.

بە لەبەرچاوگرتنی سامانە سروشتییەکان و توانا ئابوورییەکان و ئەو دەرفەتە زۆرانەی کە هەن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو نەتەوەی برا، هەردوولا کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و دیالۆگ سەبارەت بە ڕێگاکانی هاوکاری زیاد دەکەن بۆ بەدیهێنانی زۆرترین ئاسۆی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانیان دا.

هەردوولا جەختیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی بەردەم فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

هەردولا هاوڕابوون لەسەر فراوانکردنی هاوکارییەکانیان لە هەر بوارێکدا کە بتوانێت ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە مسۆگەر بکات و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەکانیان بەدی بهێنێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ چین دەربڕی کە میوانداریی ئەم کۆبوونەوانەی کرد. هەروەها هەردوولا سوپاسی هەوڵەکانی سویسراشیان کرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عەرەبستان و ئێران.

«ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئالی سعود» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، بانگهێشتی «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی  دووپات کردەوە بۆ سەردانی عەرەبستان  و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە ڕیاز.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ئەم بانگهێشتنامەیەی قبوڵ کرد و بانگهێشتی «ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان ئالی سعود»ی کرد بۆ سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لە تاران و وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش ئەم بانگهێشتەی قبوڵ کرد.

سەرپەیڤ