نیسان 09, 2023 06:14 Asia/Tehran
  • شاندەکەی عەرەبستان گەییشتە ئێران

ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستان (واس) گەییشتنی شاندێکی عەرەبستان بە ئێرانی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە میکانیزمی کردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران و کونسوڵخانەکەی لە مەشهەد ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان تاران و ڕیاز ئەنجام دراون، ڕۆژی شەممە شاندێکی تەکنیکی لە عەرەبستانەوە بۆ بەسەرکردنەوەی باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە تاران و لێکدانەوەی میکانیزمی کاراکردنەوەی باڵوێزخانەکەو هەروەها کردنەوەی کونسوڵخانەی عەرەبستان لە مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، گەییشتە تاران.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعوودی بە نێوەندگریی چین لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییە دوو قۆڵییەکانیان دوای حەوت ساڵ کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پچڕاوە.

دوابەدوای ئەم ڕێککەوتنە، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە پەکین لەگەڵ «فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان دیدارو وتووێژی کرد.

سەرپەیڤ