نیسان 13, 2023 21:33 Asia/Tehran
  • حکومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن: ئاڵوگۆڕی 887 دیل لە ڕۆژی هەینی دەست پێ دەکات

سەرۆکی لێژنەی نیشتمانیی کاروباری دیلەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن، دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئاڵوگۆڕی ٨٨٧ دیلی جەنگی لە ڕۆژی هەینیەوە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا ڕۆژی پێنجشەممە؛ سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ کاروباری دیلەکان لە حکومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن لە توییتێکدا نوسیویەتی: «عەبدولقادر مورتەزا»، دوای ڕاگەیاندنی ئامادەیی سەرجەم لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوورەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە لە ڕۆژی هەینییەوە کە دەکاتە ٢٣ ی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دەست بە ئۆپەراسیۆنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەکرێت.

ئەلمۆرتەزا وتیشی، لە یەکەم ڕۆژی ئاڵوگۆڕکردنەکەدا، ئاڵوگۆڕی گیراوان لە نێوان سەنعاو عەدەن، لە ڕۆژی دووەمیشدا ئاڵوگۆڕی گیراوانی سەنعا لەگەڵ عەرەبستان ئەنجام دەگرێت، ڕۆژی سێیەمیش ئاڵوگۆڕی گیراوانی سەنعا لەگەڵ ماریب دەکرێت.

هاوکات بڕیار بوو ئۆپراسیۆنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگ لە یەمەن لە ١٩ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئەنجام بدرێت، بەڵام بە پێی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، بەهۆی نەبوونی ئامادەکاری بۆ دەستدرێژکاران لە بەرەی "ماریب"، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دواخرا.

پێش ئەوەش ژمارەیەک لە دیلەکانی سوپای یەمەن و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دەستلەکار کێشاوەی ئەم وڵاتە بە چەند قۆناغێک لە ڕێگەی نێوەندگیریی ناوخۆییەوە ئازاد کران.

گۆڕینەوەی دیلەکان یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی وتووێژی نێوماڵی یەمەن لە سویسرا و هەوڵەکان لەم بوارەدا هەمیشە شکستیان هێناوە و تەنیا لە هەندێک حاڵەتدا ژمارەیەک دیل لە ڕێگەی نێوەندگیریی ناوخۆییەوە ئاڵوگۆڕ کراون.

سەرپەیڤ