ئیمارات بە ڕادەست کردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی داکۆکی لە عێراق دەکات
سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرپوڵ لە ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی 17 دۆسیەی پەیوەست بە گەندەڵیی دارایی و ئیداری رادەستی حکومەتی عێراق کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەییشتن لە نێوان دەستەی دەستپاکیی عێراق و دیوانی لێپێچینەوەی ئیمارات، «ئەحمەد ناسر رەیسی» سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرپوڵ لە ئیمارات و «حەیدەر حەنون» سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کۆبوونەوە و لەبارەی دۆزینەوەی رێگاکانی هاریکاریی نێوان هەردولا لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رادەستکردنی تۆمەتباران و گێرانەوەی ئەو پارەیەی لە رێگەی نایاساییەوە براوەتە دەرەوە، گفتوگۆیان کردووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە میانی کۆبونەوەکەدا لە شاری ئەبوزەبی «حەیدەر حەنون» وتی: حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و رێگری دەکات لە بڵاوبونەوەیی و ئەوکەسانەش بە سزا دەگەیەنێت کە گەندەڵی دەکەن و بە رێگەی نایاسایی پارە و دارایی دەبەنە دەرەوەی وڵات و ئەمەش لەکارە لە پێشینەکانیەتی.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە: ئومێد دەکرێت وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی و وڵاتانی دیکە بەگشتی هاوکاری عێراق بکەن لە گێڕانەوەی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە و بۆ ئەمەش حکومەت هەردو دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری پشتیوانی تەواوی حکومەت لەم دۆسیەیەدا دەکەن.
ئەمەو، «ئەحمەد ناسر رەیسی» سەرۆکی رێکخراوی ئینتەرپوڵ لە ئیماراتیش باسی لەوەکردووە کە، ھیوادارە عێراق ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکان لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و رێگری کردن لێی و بتوانێت سەرجەم ئەو داهات و پارانەی بەڕێگەی نایاسایی براونەتە دەرەوە بگەڕێنیێتەوە بۆ وڵات.