محەمەد بن سەلمان: ناهێڵین هەرێمەکەمان ببێتە مەیدانی ململانێ
پاشمیری عەرەبستان ڕایگەیاند کە ڕێگە نادەین ناوچەکەمان ببێتە مەیدانی ململانێ و وتیشی: ئەو ساڵانەی ململانێی گەلانمان بەدەستیەوە دەناڵێنن بەسە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی هەواڵدەریی ئەلمەیادین، "محەمەد بن سەلمان"، پاشمیری عەرەبستان لە ئاھەنگی دەستپێکی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جەددە ڕایگەیاند: پرسی فەلەستین پرسی سەرەکی و تەوەرەیی جیھانی ئیسلام و عەرەبە و ئەوە لە پێشینەی پلانەکانی عەرەبستانەو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک هەوڵ دەدەین.
محەمەد بن سەلمان پیرۆزبایی گەڕانەوەی سوریای بۆ کۆمکاری عەرەبی کرد و ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەبوونی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەم دیدارەدا مایەی دڵخۆشییە و هیوادارین گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ کۆمکاری عەرەبی یارمەتیدەر بێت بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکان و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ سوریا.
پاشمیری عەرەبستان ڕاشیگەیاند: هەوڵەکانمان بۆ یارمەتیدانی لایەنەکانی یەمەن زیاد دەکەین بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی ئەم وڵاتەش.
محەمەد بن سەلمان وتیشی: ئێمە پشتگیری لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا و ئامادەیی خۆمان بۆ نێوەندگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕادەگەیەنین.
پاشمیری عەرەبستان پێشوازی لە واژۆکردنی بەیاننامەی جەددە لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای سودان کرد و وتیشی: هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی ئاگربەستێکی هەمیشەیی.