کانونی دوھەم 10, 2024 12:50 Asia/Tehran

سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵای لوبنان وتی: دوژمنی زایۆنی دەیەوێت بە هەڕەشەی بەربڵاوکردنی بازنەی شەڕ، خەڵکی باشووری لوبنان ناچار بە کۆچ بکات.

محەممەد ڕەعد وتی: سەرەڕای پشتیوانیی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ ئێمە دەبینین کە دوژمنی زایۆنی ملی بەرەو ڕووخان ناوە و ئەم ڕژێمە تەواو سەرلێشواو بووە و پلانێکی بۆ هێنانەدیی ئامانجە دیاریکراوەکانی  نییە و هەوڵیدەدات بە هەڕەشەی ئەوەی کە بازنەی شەڕەکەی بەربڵاوتر دەکات و زیاتر دێتەپێشەوە، ترس و تۆقان بخاتە نێو دڵی لوبنانییەکانەوە. ڕەعد وتیشی: دوژمنی زایۆنی هەڕەشەی ئەوە دەکات کە شەڕێکی بەربڵاو وەڕێدەخات و بێتوو ڕێگاچارەی سیاسی، ئامانج، داخواز، ئیدیعا و وەهمەکانی ئەم ڕژێمە نەهێنێتەدی، پەنا بۆ بژاردەی سەربازی دەبات. بەم هەڕەشانە دەیانەوێت خەڵکی باشووری لوبنان ناچار بە کۆچ بکەن.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ژمارێک لە شاندەکان دێنه ئێره بۆ ئەوەی قەناعەتمان پێبکەن که نابێ ئێمە دۆخێک دروست بکەین که ببێتە هۆی پەرەسەندنی بازنەی شەڕ، ئێمه نامانەوێت بازنەی شەڕ فراوانتر بکەین، بەڵکوو خوازیاری ئەوەین ئەم لەشکەرکێشییه بوەستێت. پێش ئەوەی ڕژێمی زایۆنی دەستدرێژییەکانی خۆی ڕابگرێت، لەسەر هیچ پرسێکی هاوپێوەند بە بەرەی لوبنان قسەمان لەگەڵ مەکەن. ئەگەر ناتوانن فشار بخەنە سەر ئیسراییلییەکان بۆ ئەوەی دەستدرێژییان بۆ سەر غەززە ڕابگرن، بۆچی دێنە لای ئێمە؟

سەرپەیڤ