هێزە چەکدارەکانی یەمەن: کەشتیەکی ئەمریکامان بەئامانج گرت
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەشتییەکی ئەمریکی لە نزیک کەنارئاوەکانی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج.
یەحیا سەریع وتی: کەشتیەکی ئەمریکی بەناوی "کیم رینجەر"مان بە مووشەکی دەریایی، پێکا.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن وتیشی: ئەو هەڵمەتە سەرکەوتووانە جێ بەجێ کراوەو مووشەکەکانیش کەشتییەکەیان پێکاوە.
ناوبراو بەئاماژە بەوەی کە گواستنەوەو هاتووچۆ لە دەریای سور و عەرەب لەڕووی هەموو گەمیی و کەشتیەکان، جگە لە کەشتیەکانی رژیمی ئیسرائیل، کراوەیە، وتی: هێزە چەکدارەکانی یەمەن درێژە دەدەن بە جم و جۆڵە هێرشبەرانەکەیان بۆ بەرەڤانی لە گەلی فەلەستین.
سوپای یەمەن لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، بۆ پاڵپشتی لە موقاوەمەی گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە، چەند کەشتیی رژیمی زایۆنی یان ئەو کەشتیانەی هەڵگری کاڵا بوون بۆ ئەو رژیمەی، کردۆتە ئامانج. شایانی ئاماژەیە ئەو کەشتیانە لە دەریای سور، ئەقیانوسی هیندو گەرووی "باب المندب"بەرەو سەرزەوینە داگیرکراوەکان دەچوون.
کاربەدەستێکی ئەمریکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشی هێزە چەکدارەکانی یەمەن بۆسەر کەشتی وڵاتەکەی لە ئاوەکانی کەنداوی عەدەنی پشت ڕاست کردەوە.
ئەو کاربەدەستە ئەمریکییە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، وتی: ئەوکەشتیە، بەئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ لە کەنداوی عەدەن و لە ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی ئەنساروڵڵای یەمەن، هێرشی کراوەتە سەر.