یەمەن: بەردەوام دەبین لە پەلاماردانی ئیسراییل
کاربەدەستانی باڵای یەمەنی لە کاردانەوە بە پەلاماری دەسدرێژکارانەی سەرلەنوێی ئەمریکا و ئینگلیز بۆ سەر ناوچەگەلێکی یەمەن، جەختیان کرد لەسەر ئەوەی کە بەردەوام دەبن لە هەڵمەت و پەلامارەکانیان بۆ سەر گەمییەکانی هاوپێوەند بە ڕژێمی زایۆنی لە دەریای سووردا.
محمدالبخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئەنساروڵڵای یەمەن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە وتی: هەڵمەتە سەربازییەکانمان دژ بە ئیسراییل بەردەوام دەبێ. بەخیتی لەم بارەوە وتیشی: هەتا ئەو کاتەی کە جەنایەتەکان و ژینۆسایدی ئیسراییل لە کەرتی غەززە کۆتایی نەیەت، ئێمەیش بەردەوام دەبین لە پەلامار و هەڵمەتە سەربازییەکانمان دژ بە ڕژێمی زایۆنی.
محەممەدعەلی حوسی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەنیش ڕاشکاوانە رایگەیاند: ئامانجی ئەمریکا و ئینگلیز لە دەسدرێژی کردنە سەر خاکی یەمەن، ڕاگرتنی هەڵمەتە دەریاییەکانی ئێمەیە و ئەوەش نایەتەدی.
ژێدەرە هەواڵییەکان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایانگەیاند کە ئەمریکا و بەریتانیا دیسان پەلامارەکانیان بۆ سەر سەنعا و ناوچەگەلێکی دیکەی یەمەن دەست پێ کردۆتەوە.
بنکەی سەربازیی ئەلحەفا لە شارۆچکەی سەبعین چوار جار و بنکەی دولەیمی لە قەزای بەنی حارس هەڵکەوتوو لە پارێزگای سەنعایش چوار جار وەبەر پەلاماری ئەمریکا و بەریتانیا کەوتوون.
دەگوترێ ناوچەی "بەرح"یش لە شاری مەقبەنە کە لە پارێزگای تەعز لە باشووری ڕۆژاوای یەمەندایە، وەبەر پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئینگلیز کەوتووە.