هێرشی مووشەکیی حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر دوو شارۆچکەی زایۆنی نشین
حیزبوڵای لوبنان بە دەرکردنی دوو بەیاننامە ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکیی کردۆتە سەر دوو شارۆچکەی زایۆنی نشین لە باکووری فەلەستینی داگیرکراودا.
حیزبوڵای لوبنان لەم بەیاننامانەدا ڕایگەیاند؛ دوو شارۆچکەی زایۆنی نشینی «المناره» و«ساعر»ی خستۆتە بەر هێرشی قورسی مووشەکیی خۆی.لە بەیاننامەکانی حیزبوڵادا هاتووە: لەپێناو پشتیوانی کردنی گەلی کۆڵنەدەری فەلەستین و خۆڕاگرییە بەجەرگ و جوامێرەکەیان لە کەرتی غەززە و لە چوارچێوی بەرگری کردن لە لوبنان و گەلی ئەم وڵاتە و وەڵامدانەوەی دەسدرێژییە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر شارەکان، گوندەکان و خەڵکی مەدەنی لە باشووری لوبنان، خەباتکارانی خۆڕاگریی ئیسلامی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوو شارۆچکەی زایۆنی نشینی «المناره» و«ساعر»ـیان داوەتە بەر هێرشێکی مووشەکیی قورسەوە.حیزبوڵا پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکی مۆدیلی فادی ١، بنکەی سەربازیی "ئۆفیک"ی سوپای ڕژێمی زایۆنیی کوتاوە.