هێرشی مووشەکیی حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر باکووری فەلەستینی داگیرکراو
حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە کە حەیفا و کریۆتی لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو مووشەکباران کردووە.
خۆڕاگریی ئیسلامیی لوبنان لانیکەم بە سەد مووشەک حەیفا و کریۆتی لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو کوتاوە. ژێدەرە زایۆنییەکان باسی هەستانەوەی دووکەڵێکی چڕ لە شاری حەیفا دەکەن دوابەدوای مووشەکبارانی ئەم شارە.حیزبوڵا هەروەها رایگەیاند؛ کاتی پێشڕەوی کردنی هێزەکانی دوژمن بەرەو ناوچەی سنوریی "ئەللەبوونە"، خەباتکارانی خۆڕاگریی ئیسلامی خستنیانە بەر شاڵاوی راکت و گوللەهاوەن و جیا لەوەی کە زەبرێکی قورسیان لێدان، ناچار بە پاشکەشەیان کردن.میدیاکانی ئیسراییلیش ڕایانگەیاندووە کە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی حیزبوڵا بۆ سەر حەیفا لە دەسپێکی ئەم شەڕەوە تا ئیستا بێ وێنە بووە. بزووتنەوەی حیزبوڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکی دیکە ڕایگەیاندووە کە چەن درۆنێکی خۆکوژی هەستاندۆتەوە بەرەو بنکەی ئەلبەغدادی لە باکووری فەلەستینی داگیرکراو کە هەر هەموویان ئامانجی خۆیان بە وردی پێکاوە.