فراکسیۆنی سەر بە حیزبوڵڵا: تەلئەبیب پلانی هەیە بۆ ئوردن و میسر
سەرۆکی فراکسیۆنی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە پلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هۆشداری دا.
حسێن ئەلحاج حەسەن، سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمانی نوێنەرانی بەعەلبەک ئەلهەرمەل، سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بە دوای کۆنترۆڵکردنی جوگرافیا، سیاسەت، کولتوور، ئابووری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەدا دەگەڕێن. ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر کەسێک پێی وایە تەسلیمبوون لە هەمبەر ئەو پلانە پڕۆژەیە ئاسایشی بۆ دەهێنێت، ئەوە وەهم و خەیاڵە. ئەلحاج حەسەن جەختی لەوە کردەوە: پێشهاتەکانی سوریا و ئەوەی بۆ ئوردن و میسر ئامادە کراوە سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی ئاشتی لەگەڵ تەلئەبیب، سروشتی ڕاستەقینەی ڕژێمی زایۆنی نیشان دەدات. ناوبراو ڕاشیگەیاند: ڕژێمی زایۆنی لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ناوبری بێ چەکدایە لە باشووری سووریا.