ئاب 08, 2025 20:06 Asia/Tehran
  • کودەتای حکومەتی نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان دژ بە پەیمانی تائیف

بڕیاری کابینەی نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەبارەت بەو شتەی بە پاوانکردنی چەک لە دەستی حکومەتی ئەم وڵاتەوە وەسف کراوە، بەرەوڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە و حیزبوڵا ئەم بڕیارە بە بنپێکردنی پەیمانی تائیف دەزانێت.

 نەواف سەلام سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕۆژی سێشەممە فەرمانی دا بە سوپا تا کۆتایی ساڵ گەڵاڵەیەکی ئۆپەراسیۆنی داڕێژێت و ئامادەی بکات بۆ پاوانکردنی چەک لە دەستی حکوومەت. ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونی حکوومەتی لوبنان بوو بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە چەک دامالینی حیزبوڵا.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لوبنان شەوی ڕابردوو لە کاتێکدا کە ئاڵای حیزبوڵایان بە دەستەوە بوو بۆ پشتیوانیکردن لە خۆڕاگری و نەیارەتی کردنی پلانەکەی حکوومەتی لوبنان سەبارەت بە چەکدانانی خۆڕاگری دەستیان دایە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە. ئەم بڕیارەی حکوومەتی لوبنان لە کاتێکدایە کە سوپای لوبنان بەرامبەر بە دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی توانایی بەرگری کردن لە وڵاتی نییە.

ڕژێمی زایۆنی لە کاتی ڕاگەیاندرانی ئاگربەس لە زستانی ڕابردووەوە زیاتر لە 1200 جار ئەم ڕێککەوتنەی بنپێ کردووە. حکوومەتی لوبنان سوور و پێداگرە لەسەر ئەوەی کە حیزبوڵا چەک دابنێت و پاشان داوا لە ئەمریکا بکات ئیسرائیل بوەستێنێت. حیزبوڵا لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە بڕیارەکەی حکوومەتی لوبنان لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلدایە و لوبنان بەبێ هیچ توانایەکی پێشگری و بەرگری بەرەوڕووی دوژمن دەکاتەوە. حکوومەتی لوبنان لە کاتێکدا پێداگری دەکات لەسەر چەکدانانی خۆڕاگری کە جگە لە مەترسیی پەلاماری سەرلەنوێی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ لوبنان، مەترسیی تەکفیرییەکانیش لەم وڵاتەدا خەریکە تەشەنە دەکات و بە دەسەڵات گرتنە دەستی جۆلانی لە دیمەشق خوێنێکی تازە بە دەماری تەکفیرییەکانی لوبنانیش سووڕاوە کە ئەوەش پەیامێکی پڕ مەترسییە بۆ مەسیحییەکان و شیعەکانی ئەم وڵاتە. سەرانی حکوومەتی لوبنان لە کاتێکدا هەماهەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ڕژێمی ئیسرائیل و بە پشتیوانی عەرەبستان خەریکی پاڵپێوەنانی لوبنان بەرەو زەلکاوی شەڕی ناوخۆیین، کە بنپێکردنی پەیمانی تائیف دەتوانێت دەستپێکەری وەرزێکی نوێی شەڕی خوێناوی لە لوبنان بێت، وەکوو وڵاتێک کە سەردەمانێک بووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

سەرپەیڤ