تەقینەوەیەکی بەهێز لە ڕیاز؛ خرانەخواری درۆنی تورکیایی هێزی سعوودی لە ئاسمانی تەعز
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەگەلێکی بەهێز لە ڕیازی پایتەختی سعودیا بیستراوە. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەروەها هەواڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیایی لە ئاسمانی تەعز ڕاگەیاند کە تایبەت بە هێزەکانی سعودیا بووە.
هاوکات لەگەڵ تەشەنەی شەڕ و پێکدادانی نێوان یەمەن و سعودیا هەواڵدەری فەرەنسا باسی بیسترانی دەنگی تەقینەوەگەلێکی هەژێنەری لە ریاز کردووە، هێشتا وردەکاریی ئەم تەقینەوانە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام پێشتر سەرتیپ یەحیا سریع وتەبێژی فەرمی هێزەکانی یەمەن ڕایگەیاندبوو کە بە سەرکەوتوویی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "مەلیک خالد"ێان لە ریاز بە مووشەکی بالیستیک کردووەتە ئامانج کە ئەو هێرشە مووشەکییە بووەتە هۆی وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لەم فڕۆکەخانەیەدا. ناوبراو دیسان وشیاری دا بە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەردەوامبوونی گەشتەکانیان لە سنووری ئاسمانی عەرەبستانی سعودی، و جەختی کرد: جیا لە سنووری ئاسمانی هەر دوو شاری پیرۆزی مەکە و مەدینە، ئەو باقی ئاسمانی عەرەبستان گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دێتەئەژمار. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هەروەها ڕاشیگەیاند کە درۆنێکی سیخوڕی پڕچەکی مۆدیلی بەیرەقدار ئاکینجی سازکراوی تورکیای هێزە سعودیەکانی لە ئاسمانی پارێزگای تەعز خستووەتە خوارەوە و گوتیشی ئەم درۆنە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە هێزی یەمەنی خراوەتە خوارەوە.
سەرتیپ یەحیا سەریع ڕاشیگەیاند کە هێزە یەمەنییەکان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستیک شوێنی کۆبوونەوە و ناوەندی هێزە سەربازییەکانی سعودیا لە بنکەی سەربازی "قەعوە" لە ناوچەی "ڕەئسولعارە"یان پێکاوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەر بە سعودیا و هەروەها ئاگرکەوتنەوە لە هەندێک کۆگای چەک و تەقەمەنی. لە لایەکی دیکەوە ژەنەراڵ "ئەحمەد شەریف چۆدەری" وتەبێژی ئەرتەشی پاکستان لە وتوێژێکدا سەقامگیربوونی هێزی سەربازی ئەم وڵاتە لە عەرەبستانی پشتڕاست کردەوە.