ته‌مووز 22, 2018 19:08 Asia/Tehran
  • گەشتێک لە بەهەشتێکی بزربوو بەناوی سەردەشت

سەردەشت یەکێکە لە ناوچە مێژوویی و کەوناراییەکانی ئێران

شارستانی سەردەشت یەکێکە لە شارستانە سەرسنوور و کوردنشینەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە لە باشووری ڕۆژئاوای ئەم پارێزگایە و لە بناری کێوەکانی زاگرۆسدا هەڵکەوتووە و دراوسێی باکووری عێراق و هەرێمی کوردستانە.

خەڵکی ئەم شارستانە کوردن و ئاخاوتنیان بە زاراوەی سۆرانی و بن زاراوەی موکریانیە.

سەردەشت لە بناری گردە سووردا هەڵکەوتووەو کوێستانی قەندیلیش هەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەم شارەدایە.

شارستانی سەردەشت خاوەنی 3 بازاڕچەی سەرسنووریە .

سەردەشت یەکێکە لە ناوچە مێژوویی و کەوناراییەکانی ئێران کە شوێنەواری زۆری هەیە و هێشتا نەدیتراونەتەوە.

سەردەشت ناوچەیێکی کوێستانی و شاخاوییە کە دارستانیشی هەیە.

لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی سەردەشت ئەتوانین ئاماژە بکەینە ڕووباری زاب و پردی قەڵاتاسیان و حەمامە کۆن یاخود گەرماوی بێستوون لە نێوشار کە بە فەرمانی سەردار عەزیز خانی موکری گەورە سیاسەتوانی کورد لە سەردەمی قاجارەکاندا ساز کراوە.

تاڤگەی شەڵماشیش یەکێکی دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم شارە جوانەیە کە لە دەرەوەی شاردا هەڵکەوتووە و یەکێکە لە گرینگترین تاڤگەکانی ناوچەکە.

شارستانی سەردەشت یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.

سەردەشت هەر وەکوو نقێمێک لە نێو کێوەکانی زاگرۆس لەو پەڕی جوانیدا خۆ دەنوێنێ.

دیمەنی جۆراوجۆر، دارستانە چڕەکان و کەشوهەوای مام نێوەنجی و کانیاو و ڕووبارەکانی زاگرۆس و دەشتە سەوز و شیناوەردەکانی، هەموویان سەرەنجی هەر گەشتیارێک بەرەو لای خۆیان ڕادەکێشن.

دیمەنە سرووشتیە جوانەکانی ئەم شارستانە، هەموو ساڵێک میوانداری گەشتیارانێکی زۆرن کە لە سەرنسەری ئێرانەوە ڕووی تێ دەکەن.

 

 

سەرپەیڤ