بابەتێک لەسەر شوێنهات و کاریگەری نەرێنی شەڕی هاوپەیمانیی سەعوودی لەسەر زارۆکانی یەمەنی
زارۆکانی یەمەنی، مەزڵۆمترین و گەورەترین قوربانی شەڕە ملهوڕانەکەی هاوپەیمانیی سەعوودین لە دژی ئەم وڵاتە.
ئەو شەڕە شوێنهاتی نالەباری بەدواوە بووە بۆ زارۆکە یەمەنییەکان کە هەندێکیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بڕێکیشیان ناڕاستەوخۆ کاری کردووەتە سەریان.
شەڕەکەی عەرەبستانی سەعوودی لە دژی یەمەن لە مانگی مارسی 2015وە دەس پێ بووە و چل و دووەمین مانگی ئەو شەڕەش لە ڕۆژی 26ی سێپتەمبەری 2018دا کۆتایی پێ دێ و دەچێتە نێو چل و سێهەمین مانگی. ئەم شەڕە تاکوو ئێستا شوێنهاتی نالەباری زۆری بۆ یەمەنییەکان بەدواوە بووە، بەڵام بێگومان زارۆکانی یەمەنی مەزڵومترین و بێتاوانترین کەسانێکن کە هاوپەیمانی سەعوودی لە دژی وان کەتن و جینایەتی ڕەخساندووە.
ئەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆوهەگەرەکانی ئەوەی کە ئاتنۆنیۆ گۆترەشی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەکان و تاقمێکی دیکە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دۆخی ئێستاکەی یەمەن بە گەورەترین کارەساتی مرۆڤی ئەم دەیانەی دوایی لە قەڵەم دەدەن، لەبەر ئەو شوێنهاتانەیە کەوا ئەم شەڕە تاکوو ئێستا بۆ زارۆکانی یەمەنی بەدواوە بووە.
برسیەتی گرینگترین کێشەی زارۆکانی یەمەنییە کە گەلێک دیمەنی دڵتەزێنی خستووەتە پێش چاوی هەمووانەوە. برسیەتی هێندە بڕستی لێ بڕیون کە ئێسقانەکانیان لە ژێر پێستەوە دیارە. ڕادەی برسیەتی هێندە زۆرە کە تەنانەت هەندێک لە بنەماڵە یەمەنییەکان، گەڵای دارەکان وەکوو چێشت لێدەنێن و دەیدەنە منداڵەکانیان.
هەواڵدەریی ئەسۆشیەیتێدپرێس ڕاپۆرتێکی دڵتەزێنی لە دۆخی منداڵانی یەمەنی بەتایبەت لە پارێزگای حەجەی باکووری یەمەن بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: " ناوەندی سەرەکی تەندرووستی لە ئەسلەمی سەر بە پارێزگای حەجە، تەژی لە منداڵی کز و زارۆکی لاوازە کە چاویان دەرپۆقیوە و ئەوانە هەموو نیشانەی نەخۆشییەکانی هاوپەیوەند بە نەبوونی خۆراکی ئەوتۆیە ".
ڕێژەیێکی تەواو سەبارەت بە ژوماری کوژراوەکان، برینداران و ئاوارە یەمەنییەکان بە هۆی شەڕەکەی هاوپەیمانیی سەعوودی لەبەردەستدا نییە.
سەرەڕای ئەوە 3 ملوێن یەمەنیش بە هۆی ئەو شەڕە ئاوارە بوون کە منداڵان بەشێکی گرینگی ئەو تاقمەن. نەخۆشی گرفتێکی دیکەیە کە بەرۆکی زارۆکانی یەمەنی گرتووە.
یەکێکی دیکە لەو کێشە گرینگانەی وا شەڕی هاوپەیمانی سەعوودی لە دژی یەمەن بۆ منداڵانی ئەو وڵاتەی وەدیهێناوە، بێوەری بوونی ئەو منداڵانەیە لە پرسی خوێندن و پەروەردەدا. بە پێی ڕاپۆرتەکەی مانگی مارسی 2018ی سندووقی زارۆکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەکان – یۆنیسێف – پتر لە دوو ملوێن زارۆکی یەمەنی لە خوێندن بێبەش بوون.
شوێنهاتەکانی شەڕەکەی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە دژی یەمەن تەنیا ئەو شتانەی نییە وا ئاماژەمان پێ کرد بەڵکوو لە نێوچوونی داڕشت و پێکهاتەی بنەماڵە، نەمانی دایک و باب یاخود خوشك و برا، نەخۆشی دەروونی بە هۆی دیتنی دیمەنی دڵتەزێنی شەڕ و هیتریشی بۆ منداڵانی یەمەنی بەدواوە بووە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت.