نیسان 18, 2019 19:47 Asia/Tehran
  • سێهەمین فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە

سێهەمین فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە بە بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵی 16 گرووپی هونەری

سێهەمین فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانە بە بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵی 16 گرووپی هونەری، لە شاری بانە، دەستی بە کار کرد.

سێهەمین فستیڤاڵی سەرانسەریی هەڵپەڕکێی بانە لە دوا ڕۆژەکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی 98ی هەتاوی بە بەشداریی گرووپە هونەریەکانی پارێزگای کوردستان، خوراسانی باکووری، کرماشان، ئیلام و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری بانە دەستی بەکار کرد و بە پێشکەش کردنی هەڵپەڕکێی تایبەت بە ناوچەی خۆیان، دیمەنیكی جوانیان لە شاری بانەدا خولقاند. ئەم فستیڤاڵە بەرەوڕووی پێشوازیی بەربڵاوی خەڵك و گەشتیاران بووەوە.

هەروەها بەڕێوەچوونی دوو پەنێلی پسپۆڕی لەسەر هێماناسی و باسی ئۆستوورەکان لە هونەری هەڵپەڕكێدا، لە بەشەکانی دیکەی سێهەمین فستیڤاڵی هەڵپەڕکێی بانەیە کە بە بەشداریی دکتۆر قوتبەددین سادقی، عەلیڕەزا ئیسماعیلی، عەبدولکەریم سرووش  و ئومێد زارەعی لەم خولەیدا بەڕێوە دەچێت.

گرووپی ئاگرینی بانە بە سەرپەرشتیی لەتیف محەمەدپوور، گرووپی ئیستەم لە خوراسانی باکووری بە سەرپەرشتیی حسێن عەلیزادە، گرووپی چالاک لە بانە بە سەرپەرشتیی کاوە عەبدوڵڵایار، گرووپی دوانزەسوارەی قەڵا لە مەریوان، بە سەرپەرشتیی عەتا شەکیبایی و گرووپی دیلان لە ورمێ بە سەرپەرشتیی سدێق ئەکبەری لە ڕیزی ئەو گرووپانەن وا بەشداریی سێهەمین فستیڤاڵی سەرانسەریی هەڵپەڕکێی بانەیان کردووە و هونەری خۆیان لەوێ بۆ هۆگران دەنوێنن.

گرووپی  زریان لە سەقز بە سەرپەرشتیی نەوید سووزەنی، گرووپی سێجاری دانیکەش لە مەریوان بە سەرپەرشتیی ئیبراهیم عەزیزی، گرووپی سابڵاغ لە مەهاباد بە سەرپەرشتیی هیوا جاف، گرووپی سیروان لە ئیلام بە سەرپەرشتیی مەحموود باقری و گرووپی ئیلامیان لە ئیلام و بە سەرپەرشتیی سوهەیلا عەبدی زادە، گرووپی کورد لە کرماشان بە سەرپەرشتیی وەحید کەرەمی ، گرووپی گۆڤەند لە ورمێ بە سەرپەرشتیی ئەرسەلان نەورۆزی و گرووپی نیشتمان لە بانە بە سەرپەرشتیی محەمەد مەحموودزادە لە گرووپەکانی دیکەی بەشدار لە قۆناغێ کۆتایی ئەو فستیڤاڵەن.

گرووپی نیشتمان لە بانە بە سەرپەرشتیی محەمەد مەحموودزادە و دوازدەسوارەی مەریوان لە مەریوان و بە سەرپەرشتیی ڕامین ئەحمەدیش لە بەشی منداڵانی سێهەمین فستیڤاڵی سەرانسەریی هەڵپەڕکێی بانە، هونەری خۆیان پێشکەشێ ئامادەبووان دەکەن.

کەرنەڤاڵێ هەڵپەڕکێ بە بەشداریی 16 گرووپی هونەری، لە ئاستی شاری بانە بەڕێوە چوو و لەگەڵ ئەوەش و لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی فستیڤاڵەکەدا، لەسەر ماڵپەڕی ئەو فستیڤاڵەش پەردەلادرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ