وڵامی بەبڕشتانەی ئێران بە ئەورووپیەکان لەپەیوەندی لەگەڵ دۆخی تازەی بەرجام
سەرۆک کۆماری ئێران : " بەڵێن لە بەرامبەر بەڵێن" و "بنپێ کردن لە بەرامبەر بنپێ کراندا"
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: یەکیەتی ئەوروپا لە جیاتی داخواز لە کۆماری ئیسلامیی ئێڕان بۆ پێبەندی یەک لایەنە بە بەرجام، باشترە بەڵێنەکانی خۆی لە بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەوە بەڕێوە ببات.
محەمەد جەواد زەریف لە کاردانەوە بەرامبەر بە ڕاگێندراوەکەی یەکیەتیی ئەورووپا سەبارەت بە دەرفەتی 60 ڕۆژەی ئێران بە ئەورووپیەکان بۆ پێبەندی بە بەرجام، ڕایگەیاند: ئەوە ساڵێکە ئەمریکا خەریکی ملهوڕییە بۆ ئەورووپا و هەموو جیهان، کەچی ئەرووپیەکان بەس ئەتوانن هەستی مخابن دەرببڕن.
یەکیەتیی ئەورووپا لە کاردانەوە بە دەرفەتی تازەی ئێران لە ڕاگێندراوێکدا، هەرچەشنە وشداری و دەرفەتدانێک لەمەڕ بەرجامی ڕەت کردووەتەوە. ئەو ڕاگێندراوە بۆ جارێکی دیکە سەلماندی کە ئەورووپییەکان لە بەرامبەر ئەمریکاوە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و ئامادە نین بۆ بەردەوامبوونی بەرجام هەوڵ بدەن.
ئەورووپیەکان لە ساڵی ڕابردوودا هیچ هەنگاوێکیان لە پێناو سوود وەرگرتنی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا هەڵنەگرت. هاوکات لەگەڵ چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام لە هەشتەمی مانگی مای 2018، ئێران بە پێی داخوازی ئەورووپیەکان لە بەرجام وەدەر نەکەوت و هەلێکی دووبارەی پێدان تا بەڵکوو تێچووەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام قەرەبوو بکەنەوە.
بە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام، ئەمریکیەکان بەس کەڵکی نابەجێیان لە سەبری ئێران وەرگرت و تەنیا لەبەرامبەر هەنگاوە دژە بەرجامیەکانی ئەمریکا و بەردەوامبوونی بایکۆتەکاندا، مخابنیان دەربڕی. لە ئاوەها هەلومەرجێکدا ئێران هەشتەمی مانگی مای 2019، سەبری ستراتژیکی خۆی کۆتایی پێ هێنا و بەڕێوەبردنی خولی نوێی بەرجامی خستووەتە سەرووی سیاسەتی خۆیەوە. هاوکات لەگەڵ دابەزینی ئاستی بەڵێنە بەرجامیەکانی ئێران، هەلێکی نوێ بۆ ئەوروپیەکان لەبەرچاو گیرا تا بەڵکوو بەڵێنیەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن.
ئەم هەلە تازەیە وێڕای برووسکە و پەیامێکی بەبڕشتانە بە ئەورووپیەکان بەخشرا و حەسەن ڕوحانی لە نامەیێکدا بۆ کاربەدەستانی باڵای پێنج وڵاتی ئەورووپی و ڕووسیا و چین، ئەوانی لە کاردانەوەی بەبڕشتانەی ئێران لە بەرامبەر هەرچەشنە هەڵسوکەوتێکی ئەوان لەمەڕ هەنگاوە بەرجامیە تازەکاندا، ئاگادار کردووەتەوە.
عەباس عەراقچی یاریدەدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: وڵاتانی ئەندامی بەرجام دەزانن بردنی دۆسیەی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان هێڵی سووری ئێرانە و بێتوو ئەو هێڵە ببەزێنرێت، بەرجام بەرتەواوی لەنێو دەچێت!
خاڵی گرینگ لە هەنگاوە تازەکەی ئێراندا ئەمەیە کە تاران لە چوارچێوەی خودی بەرجامدا، سیاسەتێکی نوێی لە پێش گرتووە کەبەو چەشنە ئەو هاوسەنگییە وا لەبەرجامدا نەماوە، بۆی قەرەبوو بکرێتەوە. بە وتەی سەرۆک کۆماری ئێران " بەڵێن لە بەرامبەر بەڵێن" و "بنپێ کردن لە بەرامبەر بنپێ کراندا"، مانایێکی تازە دەبەخشێتە سیاسەتی تازەی ئێران لە هەمبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا.
ئێران لە پاش کۆتایی هاتنی دەرفەتی 60 ڕۆژە و ئەوەی کە ئەورووپییەکان نەتوانن بەڵێنەکانی خۆیان بەجێ بێنن، دوو هەنگاوی تازەی دیکە هەڵدەگرێ و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو لایێک دەڕوات کە شوێنهاتەکانی بەس بەرۆکی خودی ئەورووپیەکان دەگرێت.
هەنگاوی ئێران لەپەیوەندی لەگەڵ وەستانی ڕەوتی فرۆشتنی ئاوی قورس و یۆرانیۆمی پیتێندراو، پیشاندەری پێداچوونەوەیە لە سیاسەتی بەرجامیی ئێراندا و هەڵگری ئەو پەیامە بوو بۆ ئەورووپییەکان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیتر کەمتەرخەمی ناکات و بەرپرسایەتی هەر چەشنە دۆخێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ بەرجامدا وەئەستۆی ئەورووپیەکانە.