چوونەدەر فەرمیی بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپا
پەرلەمانی ئەوروپا برێگزیتی پەسەند کرد
لە پاش سێ ساڵ و نیو هەوراز و نشێو، ئەنجام بێرگزیت چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و بەریتانیا کاتژمێر 11ی شەو بە کاتی لەندەن لە بەرواری 31ی ژانیڤەری بە فەرمی یەکیەتیی ئەورووپای بەجێهێشت و کۆتایی هێنا بە 47 ساڵ ئەندامەتی خۆی لەو یەکیەتیەدا. "بۆریس جانسۆن"ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە پەیامێکدا بەم بۆنەوە، جیابوونەوەی بەریتانیای لە یەکیەتی ئەورووپای بە دەسپێکێکی نوێ لە قەڵەم دا و بەخێرهاتنی کرد.
بەڵام کاربەدەستانی ئەورووپا لەو جیابوونەوە خۆشحاڵ نەبوون و ئەوەیان بە کۆتایی هاتنی هاوکارییەکی سیاسی و ئابووری چەند دەیەیی لەگەڵ بەریتانیا زانی. ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بە ئاماژەدان بەوەی کە بێرگزیت بایەخێکی گەورەی مێژوویی هەیە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆی، بێرگزیتی بە چەشنێک "هۆشداری" نرخاند.
بێرگزیت لە حاڵێكدا ڕووی دا کە زۆرێک لە هاووڵاتیانی بەریتانیش بە ناڕەزامەندی دەربڕین و پەرۆشی لە جێژنی چوونەدەری بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپادا بەشداریان کرد. ئەوان خەمی داهاتووی ئەو وڵاتەیان هەیە و پشکپشکێنی هاووڵاتیان و پارتە سیاسیەکانیش هەروا بەردەوامە. ئەوانە وا نەیاری بێرگزیتن، ئەوەیان بە دەسپێکی سەردەمی دابەزینی ئاستی دەسەڵاتی بەریتانیا لێک داوەتەوە. کەچی زۆر کەسیش هیوادارن بەم جیابوونەوە، بەریتانیا بتوانێت داڕشتە ئابووری و سیاسیەکانی خۆی نۆژەن بکاتەوە و بە تێپەڕینی زەمەن، هەلومەرجێکی باشتر دەستەبەر بکات. "دەیڤید کەمێرۆن"ی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا و پلانداڕێژی گەڵاڵەی چوونەدەری ئەو وڵاتە لە یەکیەتیی ئەورووپا، بێرگزیتی بە ڕۆژێکی گەورە بۆ بەریتانیا نرخاند و بانگەشەی ئەوەی کرد وڵاتەکەی لەم هەلومەرجە تازەیەدا ئەتوانێ ڕێگای سەرکەوتن ببڕێت.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە وا کراوە، لە 1ی فێڤریەی 2020ەوە، خولی تێپەڕین دەس پێ دەبێت کە بەو پێیە بەریتانیا بە بێ هەبوونی مافی دەنگدان هەتا کۆتایی مانگی دێسەمبێری 2020، شوێنکەوتەی یاسا و ڕێساکانی یەکیەتیی ئەورووپا دەبێت. هەر ئێستا هەندێک خاڵی نادیار لەسەر چۆنیەتی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی داهاتووی نێوان لەندەن و برووکسێل و هەروەها پرسە ئاسایشیەکانی هاوپەیوەند بە سنووری ئیرلەندیش لەئارادایە.
دیاری کردنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی، بابەتێکی گرینگە لەم دانووستانانەدا. هەر دوولا بەتایبەت خەمی پەیوەندیی بازرگانیان هەیە لە پاش بێرگزیتدا.
"مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ماوەیێک لە پاش ڕاگەیاندنی فەرمی چوونەدەری بەریتانیا لە یەکیەتیی ئەورووپا لە هەژماری تووتیەرەکەیدا نووسی" خۆشحاڵم کە بەریتانیا و یەکیەتیی ئەورووپا لە سەر بێرگزیت کە ڕێز لە ویستی گەلی بەریتانیا دەگرێت، ڕێککەوتوون. ئێمە پاش گەیشتنی بەریتانیا بە قۆناغی دواتر، پەیوەندی بەهێز و سەرکەوتووی خۆمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەردەوام دەکەین."
زۆرێک لە لایەنگرانی بێرگزیت هیوادارن بەریتانیا لە مانگەکانی داهاتوودا، بە واژۆ کردنی گرێبەستی بازرگانی گەورە بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، بوار بۆ چاک کردنی هەلومەرجی ئابووری ئەو وڵاتە خۆش بکات.