کانونی یه‌که‌م 08, 2020 14:41 Asia/Tehran
  • تەشەنای ناڕەزایەتییەکان له هەرێمی کوردستانی عێراق

بەردەوامیی ناڕەزایەتی لە چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان

سەرەنجام ئەو جاڕس بوونەی ساڵانێکی دوورودێژە لە ناخی ھەموو شارومەندانی ھەرێمی کوردستان لە بەر باری نالەباری گوزەران و تەنگژەی موچەو نەبوونی ئاسایشتی خۆراک و دەرمان پەنگی خواردووەتەوە، دەڵێندراو لە یەکەم ھەنگاودا شەقامەکانی زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیشی داگرت. لە ئێستادا زۆربەی ناوچەکانی ھەرێم بوونەتە گۆڕەپانی پێکدادانی کەسانی پڕ چەک و کەسانی بێ چەک.

ناڕەزایەتی لە چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان

لە ئێستادا ھەرێم بە سەر دوو بەرەدا دابەش کراوە، بەرەیەک کە دەستەڵاتەو بە حوکمی ئەوەی کە نەوت و گومرگ و چەک و داکۆکیی دەرەکیی لە پشتە خاوەنی ھەموو مسۆگەرات و پێداویستییەکەو بەرەیەکیش کە خەڵکی بێ دەستەڵاتە و بە حوکمی ئەوەی کە خاوەنی ھیچکام لەو فەکتەرانە نییە لەمێژە دەنگی کپ دەکرێتەوەو بەڵێنی «کەرە مەمرە بەھارە»ی دەدرێتێ و گوزەران و ژیان و نانی شەوی دەبەسرێتەوە بە ڕێککەوتنێک کە خودا دەیزانێ کەنگی لە گەڵ بەغدا دەکرێت.

شەقام یەکسەر گڕە، ھەر بارەگاو فەرمانگەیەو دەسووتێندرێت، بەڵام خۆ ھیچیان ئەو برینە قوڵە ساڕێژ ناکەن کەھەر جارەو بە بیستنی ھەواڵی خۆکوشتنی پێشمەرگەیەکی دێرین لە بەر بێ نەوایی و یان خنکانی پەنابەرانی کورد لە ئەقیانووسی بێ کەسی و بێ پەسیوی و یاخود بە زۆرملی بەمێرددانی کیژۆڵەیەک و بووکەشوشەکەی بە پیاوێکی بەساڵاچووی خاوەن سامان لە لەشی ئەنجن ئەنجنی ئەم کۆمەڵگا بێ یاوەرە دەکەوێت.

خۆپیشاندانی موچەخۆرو کارمەندانی ھەرێمی کوردستان لە چوارشەممەی حەوتەی ڕابردووەوە لە شاری سلێمانییەوە سەری ھەڵداو ئینجا بەرەو زۆرێک لە شارەکانی ئەم پارێزگایەو پاشان بەرەو ھەڵەبجەو و ھەولێرو دھۆک تەشەنەی سەند.

ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان

خۆپیشاندەران بارەگای زۆربەی لایەنەکانیان بە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەوە سووتاندووەو گریان لە فەرمانگەو دایەرەکان بەرداوەو ھێزەکانی ئاسایشت کە ھەتا دوێنێ ھەوڵیان دەدا بە ھۆی گازی فرمێسک ڕێژەوە خۆپیشاندەران بڵاوە پێ بکەن ، لە ئێستادا ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ تەقە لە خەڵک دەکەن و کەسیش بەرپرسایەتی ئەو کەسانەی کە لەو تێکھەڵچوونانەدا دەکوژرێن و یان بریندار دەبن بە ئەستۆ ناگرێت. وەک لە ھەواڵەکاند باسی دەکرێت ھەتا ئێستا زیاتر لە بیست و پێنج کەس لە ئەنجامی ئەو بشێوییانەدا کوژراون و یان بریندار بوونە.

سەرپەیڤ