May 27, 2021 19:33 Asia/Tehran
  • ئێران، بەرەو ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕوو لە گەلی ئێران فەرمووی:گوێ مەدەنە قسەی ئەوانەی کە دەڵێن بەکار نایەت، مەڕۆن بۆ دەنگدان، چونکو ئەوانە دڵسۆزی خەڵک نین، ئەوەی دڵسۆزی خەڵک بێت کەس لە چوونەبەردەم سندوقی دەنگدان ناگێڕێتەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ پێنج شەممە «شەشەمی جۆزەردان»  لە یەکەم ساڵگەڕی دەست بەکار بوونی یانزەھەمین خولی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکی ڤیدیۆیی دا لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی لە لێدوانێکی گرینگ دا سەبارەت بە پرسەکانی ئەم دواییەی ھەڵبژاردن، باس کردنی ڕێگاچارەی دیارو ڕاستەقینە بۆ گرفتی ئابووری و گوزەرانی خەڵکیان لە بەرنامەکانی ھەڵبژاردنی پاڵێوراوان بە ھۆکارێکی سەرەکیی ھاندانی بەشداری کردنی بەرڵاوی خەڵک لە ھەڵبژاردندا زانی وتی: شوێنپەنجەی  دەرەنجامی ھەڵبژاردن بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ لە سەر ژیانی خەڵک و وڵات دەمێنێتەوەو بە ھیواین ھەڵبژاردنەکەی ٢٨ی جۆزەردان بە پێچەوانەی خواستی دوژمنان ببێتە ھۆی ئابڕومەندی و سەربەرزی و شکۆمەندیی ئێران.

دیداری حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێگای پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ ھۆڵی مەجلیسی شورای ئیسلامی

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە ڕوون بوونەوەی شیاوەتیی پاڵێوراوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەتی لە لایەن شورای نیگەھبانەوە وتیشی: من بە پێویستی دەزانم کە ستایشی تەواوی ئەوانە بکەم کە بە پێی ھەستی بەرپرسایەتی ڕوویان لە گۆڕەپانی ھەڵبژاردن کردووە، ھەروەھا سوپاسێکی دووھێندەی ئەوانەش دەکەم وا شیاوەتییان بۆ ئەم پۆستە نەسەلمێندراو کەچی نەجیبانە ھەڵس و کەوتیان کردو زۆر دڵسۆزانە خەڵکیان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن بانگێشتن کرد.

دیارە ڕوون نەبوونەوەو نەسەلمێندرانی شیاوەتیی کەسانێک بەواتای نەشیاوبوونی یەجارییان نییە، بەڵکو بەو واتایەیە کە شورای نیگەھبان بە سەرنجدانی ڕاپۆرت و ناسیارییەکانی خۆی نەیتوانیوە شیاوەتیی ئەو کەسە ڕوون کاتەوە، گەرچی لەوانەیە شیاوەتییەکی ھەرە باڵاشی ھەبێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی ھێندێک پەرۆشی سەبارەت بە ھەگەری ئاستی خواری بەشداری کردنی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٨ی جۆزەردان، و تیشی: من لام وایە ئاستی بەشداری کردنی خەڵک پەیوەندیی بەم ناوەکەو بەو ناوەکەوە نییە، بەڵکو خەڵک بە دوای کەسێکەوەن کە خاوەنی لێھاتوویی و بەڕێوەبەرایەتی و توانایی چارەسەر کردنی گرفتەکانی وڵاتەوە بێت و ئیدی بۆ خەڵک گرینگ نییە کە ئەو کەسە چ ناسناوو پلەو پایەیەکی بوو بێت و یان سەر بە کامە لایەن بێت، ھەڵبەت لەوانەیە ئەم بابەتە بۆ تاقمە سیاسییەکان گرینگ بێت بەڵام بۆ تێکڕای خەڵک وەھا نییە.

حەوت پاڵێوراوی شیاوەتی سەلماوی سیانزەھەمین خولی سەرۆک کۆمارەتیی ئێران

جەماوەری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی ھەینی ٢٨ی جۆزەردان لە نێوان  «سەیید ئیبراهیم رەییسی»، «عەلیڕەزا زاکانی»، «موحسین ڕەزایی»، «موحسین میهرعەلیزاده»، «سەعید جەلیلی»، «عەبدالناسیرهیممەتی» و «سەیید ئەمیرحسەین قازی زادەی هاشمی» سەرۆک کۆماری داھاتووی وڵات ھەڵدەبژێرن.

سەرپەیڤ