سەرۆکی فەرەنسا: هاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، کە هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێـزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ”بەردەوام دەبن“.
بەپێی ڕاپۆرتی باس نیوز بە گێرانەوە راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەت بڵاو کراوەتەوە، شاندێکی سیاسی و سەربازیی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی ، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فرانسوا ئۆلاند ، سەرۆکی فەرەنسا کۆبوونەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا ، کە لە کۆشکی ئێلیزێ (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) بەڕێوەچوو ، فرانسوا ئۆلاند و شاندی کوردستان شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش ، ھەماھەنگیی نێوان ھەولێر و پاریس ، قەیرانی دارایی و قەیرانی سیاسی عێراق تاوتوێ کراون .
سەرۆکی فەرەنسا لە گوتەیەکدا وێڕای سوپاسکردنی هێزی پێشمەرگە لەبەرامبەر شکست پێهێنانی داعش ، رایگەیاندووە ، کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردنی هەرێمی کوردستان و گوتویەتی، ”ھاوکارییە سەربازییەکانمان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن“.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە سەردانێکی فەرمی و بە ئەندامیەتی سیروان بارزانی ، فەرماندەی میحوەری گوێڕ - مەخمووری هێزی پێشمەرگە و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ـی وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک فەرماندەی دیکە سەردانی فەرەنسایان کردووە، سوپاسی گەل و حکوومەتی فەرەنسایان لە بەرامبەر هاوکارییەکانیان بۆ کوردستان کردووە.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، فەرەنسا بە ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی و کەلوپەلی سەربازیی و تەقەمەنی ، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات .