جەباریاوەر: داعش خاوەنداری گازی خەردەلە لەنێو شاری "مووسڵ"ی عێراق
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق ئاماژە بەوە دەکات زانیاری لەسەر هەبوونی چەکی کیمیاوی لەلایەن داعشەوە هەیەو لەوبارەیەوە هاوپەیمانانیش ئاگادار کراونەتەوە.
جەبار یاوەر ڕاگەیاند: “هاوپەیمانان نموونەی ئەو گوللانەیان بردووە کە داعش بەهاوەنەوە ئاراستەی پێشمەرگەیان کردووە لە دەرەوە و لە تاقیەگەکانی دەرەوە دەرکەوتووە کە داعش چەکی کیمیاوی جۆری کلۆر و خەردەلی بەکارهێناوە لە زۆر ناوچە، وەک (کەرکووک، بەشیر، گوێڕ، مەخموور و باشیک)”. ئەوەشی ئاشکرا کرد: “نوێنەری هاوپەیمانان وێنە و نموونەی ئەو پاشماوانەیان بردووە و سەلماندوویانە کە ئەمە چەکی کیمیاوییە و خۆشیان باش ئاگاداری داعشن کە چەکی کیمیاوی بەکار دەهێنن”.
جەبار یاوەر ئەوەشی ڕوون کردەوە: “جگە لە نوێنەری هاوپەیمانان، تیمێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق هاتووە و پشکنینی ناوچەکە و بریندارەکانی کردووە، ئەوانیش ڕاپۆرتیان بە وەزارەتی پێشمەرگە داوە کە داعش چەکی کیماوی هەیە و ئاگاداری نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە کراوە کە لێرە هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن".
ئەوەشی خستە ڕوو، چەکی کیمیاوی لەلایەن داعشەوە لە چوارچێوەی مووسڵدا دروست دەکرێت. دەشڵێت: “زانیاریمان لەسەر شوێنی دروستکردنی چەکەکە نییە، ئەگەر زانیاریمان هەبێت، ئەو کاتە شوێنەکانمان دەدایە هاوپەیمانان، ئەوانیش بۆردومانیان دەکرد”.