فەرماندەرایەتی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی ئەمڕۆی ڕاگەیاند
فەرماندەرایەتی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی ڕووبەڕوو بونەوەی شەوی ڕابردوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ 3 ی حوزەیرانی 2016"ی ڕاگەیاند و دەشلێ"بەداخەوە لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا هێزەکانی فەرماندەرایەتی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی شەهیدێک و 7 برینداریان هەبووە".
بە پێی راپۆری ماڵپەڕی وێستگە راگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت "هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی نەبەردییەکی قارەمانێتی تریان تۆمار کرد".
دەشڵێن "دیارە دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی 29 و 30ی ئایاری 2016، کە تواندرا لە میحوەری خازر 9 گوند لە تیرۆریستانی داعش پاک بکرێنەوە ، تیرۆریستان بەرگەی ئەو شکستە گەورەیان نەگرت و ویستیان جارێکی تر خۆیان تافی بکەنەوە ، کاژێر 12:25 خولەکی شەوی 2 لەسەر 3ی حوزەیرانی 2016 لە هەر یەکە لە گوندەکانی موفتی و زەهراخاتوون و وەردەک، تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی".
ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن "بەڵام هەر زوو قارەمانانە لێیان هاتنە دەست و تواندرا لە کەمترین ماوەدا هێرشە کەیان تێک بشکێندرێت و گورزێکی کوشندەیان لێ بدرێت".
ئەوەش هاتووە لەڕاگەیەنراوەکەدا "دوای شکستیان لەو سێ گوندە ، چەتەکانی داعش لە کاژێر 4 ی بەرەبەیانی و لە چەند قۆڵێکەوە دیسانەوە هێرشیان هێنایەوە سەر گوندی گەزەکان ، بۆ جارێکی تریش رۆڵە خاکپارێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی بەرپەرچیان دانەوە ، وێڕای شکستپێهێنانی پەلاماری یەکەم و دووەمی تیرۆریستان ، زیاتر لە 30 تەرمی تیرۆریستانی داعش لە ژێر دەستی هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیدان ، جیا لەوەش چەندین خۆکوژی ماتۆڕسوار و دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری هەمەری تیرۆریستان تەقێندراونەتەوە ، ئەوانەی تریشیان بە سەر شۆڕی گەڕانەوە".
ئەوەش ڕاگەیەنراوە "لەم هێرشە بەرفراوانەی تیرۆریستانی داعش ، بە داخەوە کە هێزەکانی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، شەهیدێک و 7 بریندارمان داوە ، سوپاس بۆ خودا کە برینەکانیان سووکن و جێی مەترسی نین".