هەولێر هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەریی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لە دەست نادات
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە هەولێر هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەری کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لە دەست نادات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئانادۆڵۆ؛ نێچیرڤان بارزانی لە میانەی بەشداریکردنی لە دەستپێکردنی یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢یەم لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی: "ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندین بەو پڕەنسیبەی کە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەشێوەی گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکەین.
ناوبراو وتیشی: ئێستاش هیچ شتێک لەو سیاسەتەی حکوومەتی هەرێم نەگۆڕاوە و پابەندین بەو سیاسەتەوە و بەلای ئێمەوە بەغدا ئەولەویەتە و دەمانەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین و هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەین بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین.
سەرۆک وەزیری هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هیچ شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا ناکات و ئەوەی کە سەردان دەکات شاندی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت هەڵوێستی لایەنەسیاسییەکانیش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کورستان وتی: "هەڵویستی لایەنە سیاسییەکان زیاتر پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و ئێمە لە بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆمان بەڕوونی و ئاشکرایی راگەیاندووە".
سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا وتی: " سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکات بەڵام بانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووەتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دراوەتە بارزانی کە ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها وتیشی: "وەکوو پڕەنسیب بانگهێشتنامەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان قبووڵ کراوە بەڵام تاکوو ئێستا وادەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان نەکراوە و ئێستاش لەلایەن هەردوولا حکوومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کار دەکرێت بۆ ئەوەی وادەی سەردانەکە دیاری بکرێت تاکوو سەرۆکی هەرێم سەردانی تاران بکات".
سەبارەت بە سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانی وتی: "شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا ناکات و رەنگە شاندی حزبە سیاسییەکان سەردان بکات بەڵام تاکوو ئێستاش وادەی ئەو سەردانە دیاری نەکراوە چونکە لە بەغدا زیاتر سەرقاڵی بارودۆخی خۆیانن بەڵام پەیامەکە گەیشتووە بە هێزە سیاسییەکانی بەغدا".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بەغدا قووڵایی ستراتیژییە بەلای هەرێمی کوردستانەوە لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان هیچ دەرفەتێک لە دەست نادات بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و ئێمە هەمیشە هیوامان خواستووە کە لەگەڵ بەغدا بتوانین بگەینە لێک تێگەشتنێکی هاوبەش چونکە بۆ ئێمە ئەوە ئەولەوییەتە".