بەپرسانی ئێزدی :بان کی مۆن روونکردەوە بدات
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئەلحەیات لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆی دا نوسیویەتی : بەرپرسانی ئێزدی داوایان لە بان کی مۆنی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە سەباەرت بە لێدوانەکانی لەمەڕ ئەوەی کە ئێزدییەکان بۆ ئازاد کردنی دیلەکانی خۆیان 45 میلیۆن دۆلار خوێن باییان بە داعش داوە، روونکردەوە بدات.
بان کی مۆن لە کۆبوونەوەیەک دا لە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە مژاری" توندوتیژی جینسی لە ناوچە شەڕ تێکەوتوەکان" وتی: ئێزدیەکان لە ساڵی 2014 دا لە بەرامبەر ئازادکرانی ژنان و کچانی خۆیان لە چنگی داعش نزیکەی 45 میلیۆن دۆلاریان وەک خوێن بایی بە گروپی تیرۆریستی داعش داوە.
خیری بوزانی بەڕێوەبەری گشتی بەشی ئێزدیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە نامەیەک دا بۆ بان کی مۆن نوسی: ئەو زانیاریانەی بەڕێزت ئاماژەت پێ کردوون ناڕوونن و دوورن لە ڕاستی.
ناوبراو وتویەتی: تیرۆریستانی داعش زیاتر لە شەش هەزار و 389 ژنی ئێزدیان ڕفاند و ئێستاش سێ هەزار و 797 ژن و پیاوی ئێزدی دیلی دەستی داعشن بەڵام ئێوە لە ئاست دەسدرێژی بۆ سەر شەڕافەتی ژنان و لاقەکردنی کچانی ئێزدی تۆزقاڵێکیش نەشێوان و تەنیا بە دەربڕینی نیگەرانی وازتان هێنا.
فەیان خەلیل نوێنەری ئێزدیەکان لە پاڕڵمانی عێراقیش وتی: لە قسەکانی بان کی مۆن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان سەرم لێ شێواوە.
ناوبراو وتیشی: ئەو بڕە پارەیە تەنیا لە ساڵی 2014 دا دراوە لە حاڵێک دا هەوڵ بۆ ئازاد کردنی ئێزدیە رفێندراوەکان لە ساڵی 2015 دا دەستی پێ کرد و ئێستاش درێژەی هەیە.
ئەنجومەنی باڵای مەعنەوی ئێزدیەکان ڕایگەیاند: داعش لە کاتی پەلامار دانی شنگاڵ لە رێکەوتی سێی ئوتی ساڵی 2014 بە کوشتنی نزیکەی 5000 هەزار ئێزدی و ڕفاندنی 7 هەزاری دیکەی کە زۆربەی ژن و کج و مناڵ بوون و کۆچ پێ کردنی 350 هەزار کەسی دیکەش تووشی کردەوەی"کۆمەڵکوژی" هات.
رۆژنامەی ئەلحەیات نوسی: زیاتر لە سێ هەزار ئێزدی هەروا لە چنگی گروپی تیرۆریستی داعش دا دیلن.