بزووتنەوەی ئیسلامی 11یەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i234634-بزووتنەوەی_ئیسلامی_11یەمین_کۆنگرەی_خۆی_دەبەستێت
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە 10ی مانگی تەمووزدا یازدەیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، هەر یەکە لە عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، کاندیدی ڕابەری گشتیی ئەو بزووتنەوەن بۆ کۆنگرەی داهاتوو دەبن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
حوزه‌یران 11, 2016 13:41 Asia/Tehran
  • بزووتنەوەی ئیسلامی 11یەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە 10ی مانگی تەمووزدا یازدەیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت، هەر یەکە لە عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، کاندیدی ڕابەری گشتیی ئەو بزووتنەوەن بۆ کۆنگرەی داهاتوو دەبن.

ئەمڕو شەممە (11.6.2016)، شوان قەڵادزەیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (باسنیوز)ی، ڕاگەیاند: "ڕێکەوتی 10ی مانگی داهاتوو بزووتنەوەی ئیسلامیی یازدەیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستیت و بۆ یەکەمین جار بەرپرسی مەڵبەندەکان لەناو کۆنگرە هەڵدەبژیردرێن".

شوان قەڵادزەیی گوتی: "هەر یەکە لە عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی، کاندیدی ڕابەری گشتیی ئەو بزووتنەوەین بۆ کۆنگرەی داهاتوو، سەرەڕای ئەوەی کە بزووتنەوە جگە لەو دوو کەسە کاندیدی دیکەشی بۆ ڕابەرایەتی دەبێت".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی پێ وایە، لایەنی باشی کۆنگرەی یازدەیەمی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوە دەبێت کە ئەنجومەنی ناوەندی ناوی هەموو ناوچەکانی پێوە دیار دەبێت بۆ یەکەمین جار بەپێی سنووری جوگرافی هەموو ئەو شوێنانەی کە بزووتنەوە بوونی تێیاندا هەیە، ئەندامی لێ هەڵدەبژێردرێت.

هاوکات شوان قەڵادزەیی بۆ (باسنیوز)، ئاشکرای کرد: "هەر مەڵبەندێک چەند کاندیدێکی دەبێت و بەرپرسی مەڵبەندەکان لەناو کۆنگرە بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵدەبژیردرێن".

هاوکات ئەوەشی خستەروو؛ هەموو سنوورێکی جوگرافیی هەرێمی کوردستان نوێنەری لە ئەنجومەنی ناوەندیی بزووتنەوەدا دەبێت و ڕابەری بزووتنەوەش بە دەنگی ئەندامانی کونگرە هەڵدەبژێردرێت.

بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 1987 لەلایەن هەر دوو زانای کورد لە هەڵەبجە (عوسمان عەبدولعەزیز و عەلی عەبدولعەزیز)ەوە دامەزراوە و لە کۆنگرەی دەیەمی بزووتنەوە لە 2012 عیرفان عەبدلعەزیز بە ڕابەری گشتی ئەو حزبە هەڵبژێردرا.