پەرلەمانتارێک: هەتا ئێستا نزیکەی ھەزار ئافرەتی ئێزدی رزگاریان بووە
ھەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدیی ژێردەستی داعش بەردەوامە و پەرلەمانتارێک دەڵێ؛ هەتا ئێستا 2 ھەزار و 587 ئێزدی رزگاریان بووە، کە 934-یان ئافرەتن.
ڤیان عەباس، ئەندام پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی ئیراق لەسەر لیستی پارتی ڕاگەیاند هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی کچانی ڕفێندراو لەلایەن داعشەوە بەردەوامە و کاریش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕزگابوان دەکرێت.
ڤیان عەباس گوتی: "ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق 550,000 کەسە، کە لەو ژمارەیە 360,000 کەسیان بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون ".
ئەو ئەندام پەرلەمانە لەبارەی ژمارەی منداڵانی بێ سەرپەرستی ئێزدی لە ئەنجامی شەڕی داعش گوتی: " 1759 منداڵ باوکیان لەدەست داوە، 407 منداڵی ئێزدی دایکیان لەدەست داوە و هاوکات 359 منداڵیش دایک و باوکیان لەدەست داوە و 220 منداڵیش دایک و باوکیان لەلایەن داعشەوە بەدیل گیراون ".
لەبارەی ئاماری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەکانی لە ئەنجامی شەڕی داعش دۆزراونەتەوە، ڤیان عەباس ئاشکرای کرد؛ لە شنگال 22 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هاوکات داعش لەو ماوەیەدا 44 مەزارگەشی تەقاندووەتەوە".
ئەو ئەندامەی لێژنەی پەیوەندییەکان و کاروباری ڕەوەندی کوردستان لە پەرلەمان لەبارەی ئاماری هاووڵاتیانی ڕفێندراو بەدەستی داعش گوتی: "6386 کەس ڕفێنراون کە لەو ژمارەیە 3527 ئافرەت و 2859 کەسیشیان پیاو بوون".
بە گشتی ژمارەی کەسانی ڕزگارکراو لە دەست داعش 2587 کەسن کە لەو ژمارەیە 934 ژن و 325 پیاون، هاوکات ژمارەیەکیشیان منداڵ ڕزگار کردووە کە 658 بە رەگەز کچ و 670 کۆڕن.
ڤیان عەباس لەبارەی کەیسی کچانی ئێزدی ڕزگاربوو لەدەستی داعش باسی لەوە کرد کە " لە پارێزگای دهۆک سەنتەرەێکی تایبەت بە کچانی ڕزگارکراو لە دەستی داعش کراوەتەوە کە لە هەموو ڕوویەکەوە لە خزمەت چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کچانە دایە."