یەکگرتوو هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی لایەنەکان دەدات
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i240223-یەکگرتوو_هەوڵ_بۆ_کۆبوونەوەی_پێنج_قۆڵیی_لایەنەکان_دەدات
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەرقاڵی زەمینەسازییە بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە هاوبەشەکان.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 10, 2016 16:56 Asia/Tehran
  • یەکگرتوو هەوڵ بۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی لایەنەکان دەدات

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەرقاڵی زەمینەسازییە بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە هاوبەشەکان.

د.محەمەد ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاندووە: “ئێستا سەرقاڵی ئەوەین، زەمینەیەکی گونجاو و کەشوهەوایەکی لەبار بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە هاوبەشەکان دروست بکەین، بەتایبەتی لەنێوان پێنج لایەنە سەرەکییەکەدا”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە چەند هەوڵێکیان بۆ ئەو مەبەستە داوە، بۆ ئەو مەبەستەش قسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کراوە، بەتایبەتیش لەگەڵ پارتی و گۆڕاندا".

د. محەمەد ئەحمەد ڕاشیگەیاند، هەتا زەمینە ساز نەکرێت بۆ کۆبوونەوەکان و بارودۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە، هەوڵدان بۆ کۆبوونەوە ئەنجامی نابێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئەوان پڕۆژەیان هەیە بۆ دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەکە.

هەرچەندە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەوڵی زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دایە، بەڵام هەر زوو، میدیاکانی نزیک لە یەکێتی و گۆڕان، بە پشتبەستن بە هەندێک دەنگۆی نێو میدیاکانی پەکەکە، ئەوەیان بڵاو کردەوە کە هەوڵەکانی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە، شکستی هێناوە.