جیا لە 415 ملیۆن دۆلارەکە ئەمەریکا 200 ملیۆن دۆلار دەداتە پێشمەرگە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i240517-جیا_لە_415_ملیۆن_دۆلارەکە_ئەمەریکا_200_ملیۆن_دۆلار_دەداتە_پێشمەرگە
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆھاریکاری وچاودێریی دارایی،بڕی ٥.٣٤ ملیار دۆلاری ئەمەریکی وەک قۆناغی یەکەم لە کۆی ١٦ ملیار دۆلار بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان پەسەند دەکا، ھاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە دەداتە پێشمەرگە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 12, 2016 09:53 Asia/Tehran
  • جیا لە 415 ملیۆن دۆلارەکە ئەمەریکا 200 ملیۆن دۆلار دەداتە پێشمەرگە

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆھاریکاری وچاودێریی دارایی،بڕی ٥.٣٤ ملیار دۆلاری ئەمەریکی وەک قۆناغی یەکەم لە کۆی ١٦ ملیار دۆلار بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان پەسەند دەکا، ھاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکە دەداتە پێشمەرگە.

حاکم سەرحان ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ باس نیوز رای گەیاند، سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق پەسەند کردووە کە بڕی ١٦ ملیار دۆلاری وەکو قەرز پێ بدات، لە قۆناغی یەکەمدا بڕی ٥ ملیار و ٤٣٠ ملیۆن دۆلارە، کە ئەگەر بە حەق بێت تەنیا لەو بڕەیان یەک ملیار دۆلاریان دەبێت بە ھەرێمی کوردستان ئیراق بدرێ.

بەپێی دەستووری عێراق، لە بودجەی عێراق و ھەر ھاوکارییەکی دارایی پێویستە بەشی ھەرێمی کوردستان بە رێژەی ١٧% بدرێ، بەڵام عێراق ساڵانە لەدوای ٢٠٠٣ و پەسەندکردنی بودجەوە بە گوتەی بەرپرسانی دارایی کوردستان ١٠.٨%ی ناردووە، لە ساڵی ٢٠١٤شەوە بە فەرمانی حکوومەتی عێراق بودجەی کوردستان بڕدراوە و لەو ساڵەوە ھیچ بڕە پارەیەک بۆ هه ریمی کوردستانی ئیراق نەھاتووە.

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مەترسیی خۆی لەوەش نەشاردەوە کە عێراق ھاوکاریی سندووقی نێودەوڵەتیش بە دەردی بودجە بەرێت، گوتی: "ھەندێ لە حزبە شیعەکانی سەر بە مالیکی کە کاریگەرییان لەسەر عەبادیش ھەیە، دەستیان گرتووە بەسەر ھەموو دەسەڵاتەکانی عێراق و ئەوەی لە بەرامبەر کورددا بۆیان کراوە، کردوویانە. پێشبینی دەکرێ دەست بەسەر ئەو پارەیەشدا بگرن و نەینێرن بۆ هه ریمی کوردستانی ئیراق، لەکاتێکدا کوردستان دوو ملیۆن ئاوارەی لەخۆ گرتووە و زەرەری زۆری بەھۆی شەڕی داعش بەرکەوتووە، کە ھۆکاری ئەو ھاوکارییەیە کە سندووقی نێودەوڵەتی داویەتی".

ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند، کوردستان تاوەکو نەبێ بە دەوڵەت غەدری لێ دەکرێ، گوتی: "سندووقی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتدا دەکات نەک ھەرێمەکان، عێراقیش سەرەڕای ئەو دۆخەی کە ھەیەتی، بەڵام لەبەرئەوەی دەوڵەتە پارەکە رادەست بەو دەکرێ"، ھەروەھا گوتی: "یەکەم کارمان بگەڕێینەوە بەغدا کۆکردنەوەی واژۆ دەبێت بۆ ناردنی ئەو پارەیە بۆ هه ریمی کوردستانی ئیراق".