لە کەرکووک خۆپیشاندان ئەنجام درا
ئەمڕۆ شەممە، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی شاری کەرکووک، بەهۆی نەبوونی دەرمانی دژە ژەهر لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا.
دلێر عوسمان، یەکێک لە نوێنەرانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "ماوەیەکە دووپشک هاووڵاتیانی شاری کەرکووکی بێزار کردووە، لە کاتی پێوەدانی دووپشک بە هاووڵاتیان، دەرمانی دژە ژەهر لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک بوونی نییە".
گوتیشی "بۆیە ئەمڕۆ ئەو خۆپیشاندانەمان لەبەردەم نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک ئەنجام دا بۆ ئەوەی بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرمانی دژە ژەهری پێویست دابین بکەن".
ئەو خۆپیشاندەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی دەرمانی دژە ژەهرەوە هەفتەی ڕابردوو لە شاری کەرکووک دوو هاووڵاتی لە کاتی پێوەدانی دووپشک و پاشان گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لەدەست داوە".
حوسێن سابیر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندورستیی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "ڕاستە دەرمانی دژە ژەهر لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک، کەم بووەتەوە و ئێستاش ڕەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ کڕینی بڕی 300 دەرمانی دژە ژەهری دووپشک".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندورستیی کەرکووک گوتیشی "ماوەیەکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەزارەتی تەندورستیی عێراق، دەرمانی دژە ژەهری ڕەوانەی کەرکووک نەکردووە و بە ناچاری ئێستا خۆمان لە هەوڵ داین بۆ دابینکردنی ئەو دەرمانانە".
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا و لە شاری کەرکووک 45 کەس دووپشک پێوەداون و هەفتەی ڕابردووش دوو هاووڵاتی بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گیانیان لە دەست داوە.