چارەسەریی کێشەکانی هەرێمی کوردستان ، بەستراوەتەوە بە سڕینەوەی دەسەڵاتی حزبی
یوسف محەممەد سادق سەرۆکی رێ لێگیراوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق گوتی ، لەبەر بێ ئەنجامبوونی هەوڵەکان بۆ چارەسەریی کێشەکانی هەرێم، تەنانەت بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆسەر پۆستەکانی خۆیان لە هەولێر ، ئەم گرفتانە چارەسەر نابن .
یوسف محەممەد وتیشی ، قەیرانی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ، قووڵتر لەوەیە کە کاربەدەستان دەڵێن و تەنانەت پرۆسەی سیاسی و دیموکراتیکی لە هەرێم رووبەڕووی کێشە کردووەتەوە .
هەڵوێستی سەرۆکی لابراوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کاتێکدا دێتەئاراوە کە لەم دواییانەدا چەند هەوڵێک دراون بۆ چارەسەریی گرفتە سیاسی و ئابووریەکان .
فؤئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم وەک نێردراوی تایبەتی مەسعود بارزانی لە چەند ڕۆژی رابردوودا چاوی کەوت بە سەرانی حزب و لایەنە کوردیەکان .
فەرمانبەریەتی نێردەی تایبەتی بارزانی بۆ راوێژ لەگەڵ سەرانی پارتەکان لە کاتێکدایە کە پێداگریی پارتی لەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم ، ئەم ناوچەیەی توشی قەیرانی سیاسی و بەدوای ئەوەدا ئارێشەی ئابووری کردووە .
دژایەتی کردنی بەبڕشتانەی بزووتنەوەی گۆڕان بە تایبەتی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم لە گەڵ درێژەی سەرۆکایەتی بارزانی ، پارتی تووڕە کرد و ئەم حزبە نوێنەرانی گۆڕانی لە حکومەتی هەرێم دەرکرد و ڕێگای گرت لە درێژەی چالاکیەکانی یوسف محەممەد وەک سەرۆکی پەرلەمان .
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر ئەم باوەڕەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان شتێکی پاوانخوازانە نیە و نابێ تاسەر لەدەستی بارزانی دا بمێنێ . بەڵام بەرپرسانی پارتی مکوڕن و دەڵێن بەلەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستای هەرێم ، بارزانی ئێستاش بژاردەیەکی گونجاوە بۆ سەرۆکایەتی .
پێداگریی پارتی لەسەر درێژەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و نا گوتنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ، هەرێمی کوردستانی تووشی قەیرانی سیاسی کردووە . هەرێمی کوردستان بە کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی یاسایی مەسعود بارزانی لە نۆزدەی ئابی 2015 توشی گرفتی سیاسی و ئابووریە و بەینابەین ناڕەزایەتیەکان ، قەیرانەکە تووندتر دەکەن .
پێنەدرانی مووچەی چەند مانگەی فەرمانبەران، بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە چەندین ناوچەی هەرێم و پەلامار بۆسەر نوسینگەکانی پارتی ، لەو ڕووداوانەن کە پەیوەندیان هەیە بە مەسعودبارزانی خۆی و ژیانی سیاسی ئەو . لاساریی پارتی ، پەرلەمانی بە داخستن داوە . کاروباری حکومەتی هەرێم بێ چاوەدێریی ئەندامانی پەرلەمان رادەپەڕن و بەرپرسانی وەزاڕەتخانەکان لە هەرێم لە بەرامبەر پەرلەماندا وڵامدەر نین .
داخرانی پەرلەمان پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستانی عێراقی تێکداوە . بە وتەی مەحموود عوسمان ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ، هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی کێشە و گرفتەکانی خۆی پێویستیی بە سڕینەوەی دەسەڵاتی حزبیی و دابەزاندنی سیستمی پەرلەمانی هەیە و دەبێ سەرانی حزبەکان و نەک کادێرە پلە سێ و چوارەکانیان بچنە نێو پەرلەمان و پەرلەمان ببێ بە سەرچاوەی بڕیاردان لە هەرێمی کوردستان .