دادگایەکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردی ئێزدی لە کوردستان پێکدەهێنرێت
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند لەسەر ئاستی جیهانی هەوڵەکانیان بەردەوامی هەیە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی شنگال، لەسەر ئاستی ناوخۆش لەهەوڵی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردی ئێزدیدان.
مەحموود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی لە بارەی کەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالەوە دواو گوتی: "ماوەی دوو ساڵە کار لەسەر ئەوە دەکەین و لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە زۆرترین بەڵگەمان کۆکردۆتەوە و گەیاندومانەتە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی و سەردانی زۆربەی ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانمان کردووە و لەو تاوانە ئاگادارمان کردونەتەوە، ئەوەی کە ئاستەنگە لەبەردەم لیژنەکەمان ئەوەیە کە عێراق ئەندام نییە لە دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی و ئەوان لێکۆڵینەوە ناکەن لەو وڵاتانەی ئەندام نیین لە دادگاکەدا".
ئەو ئاماژەی بەوەیش کرد، چەندین رێگەی دیکەیان بۆ بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال گرتووەتە بەر لە رێگەی ئەو دادگایەوە، ئەگەر ئەو رێگایانەش ئەنجامێکیان نەبوو، هەوڵ دەدەن دادگایەکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردی ئێزدی لە کوردستان پێکبهێنرێت و کاریان لەسەر کردووە و ئامادەکاری بۆ کراوە.